ھاتوچۆی سۆران سەرجەم شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 28/1/2019، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی سۆران ئاگادارییەکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "ئاگاداری شۆفێران و ھاووڵاتییان دەکەینەوە، کە بەھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، ڕێگای گەلی عەلی بەگ بە درێژایی دوو کیلۆمەتر گیراوە".
ھاتوچۆی سۆران داوا لە ھاووڵاتییان و شۆفێران دەکات: "تا ئاستی ئاوەکە دانەبەزێت، ڕێڕەوکردن مەترسیدارە، بۆیە بۆ سەلامەتیی خۆتان، گەشت مەکەن".
لەلایەکی دیکەوە بەرگریی شارستانیی سۆران ڕای گەیاندووە، شەوی ڕابردوو 27/1/2019، بەھۆی بارانبارینی بەخوڕ لە گەڕەکی (ھەرێم)ی سۆران، ئاو چووەتە ناو چەند ماڵێک و تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەھانایانەوە چوونە.
لە ئێوارەی دوێنێ یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کردووە، بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستانیش بێت، سبەی سێشەممە 29/1/2019، کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە لەسەر ھەرێمی کوردستات کۆتایی پێ دێت.
باسنیوز
