كۆچی دوایی میری ئێزدییانی جیهانی بە فەرمی ڕاگەیاندرا

كۆچی دوایی میری ئێزدییانی جیهانی بە فەرمی ڕاگەیاندرا
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆچی دوایی میری ئێزدییانی جیهانی بە فەرمی ڕاگەیاند.



خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، کۆچی دوایی میر تەحسین بەگی لە نەخۆشخانەی (ک ار ایج سلیوخ)ی شاری هانۆڤەر لە ئەڵمانیا ڕاگەیاند و نیگەرانیی خۆی لەمبارەیەوە دەربڕی.



هەروەها ڕوونی کردەوە کە میر تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی جیهان، لە ساڵی ١٩٣٣ لەدایک بووە و لە ١٩٤٤ بووەتە میری ئێزدییان و ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ١ی ٢٠١٩ کۆچی دوایی کردووە.



میر تەحسین، لە ١٩٤٤ەوە میری‌ ئێزدییانی جیهانە كە دوای‌ کۆچی دوایی باوکی، ئەو ئەرکەی پێ دراوە. میر سەرۆكی‌ دنیایی‌ ئێزیدیانە و نوێنەرایەتیان دەكات لەهەمو كۆڕ و كۆبوونەوەكان و پەیوەندییان لەگەڵ‌ وڵاتان و پێکهاتە جۆراوجۆرەکاندا.



میر تەحسین جگە لەزمانی‌ كوردی‌، عەرەبیی‌ و ئینگلیزیی‌ و فارسیی دەزانێت. ساڵی‌ 1962 بۆ یەكەمجار چووەتە ئەوروپا و بۆ ماوەی‌ ساڵێك لە بەریتانیا و ئەڵمانیا نیشتەجێ‌ بووە. هەروەها لە ساڵانی حەفتاکاندا بەشداری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا کردووە و بەو هۆیەوە لە ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووە، پاشان لە ١٩٧٦ تاوەکوو ١٩٨١ لە لەندەن ژیاوە و پاشان گەڕاوەتەوە کوردستان.


باسنیوز
Top