فازڵ میرانی: بە مەرجی دانانی قوباد تاڵەبانی پارتی جێگری سەرۆکی حکوومەت بە یەکێتی دەدا

 فازڵ میرانی: بە مەرجی دانانی قوباد تاڵەبانی پارتی جێگری سەرۆکی حکوومەت بە یەکێتی دەدا
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان تەواوی وردەکارییەکانی گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی و گۆڕانی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرا کرد و ڕای گەیاند کە حزبەکەی بە مەرجی دانانی قوباد تاڵەبانی، پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدات.



فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕای گەیاند، خەریکە کەلتووری دواکەوتنی پێکهێنانی حکوومەت لە هەرێمی کوردستانیشدا بە تەواوی دەردەکەوێت و هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هیچ لیستێک بە تەنیا ٥٠+١ی کورسییەکانی نەهێناوە. گوتیشی: ”کێشەی سەرەکی ئەوەیە برادەرانی یەکێتی بابەتی بەغدا و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتیان بەیەکەوە بەستووەتەوە، لەکاتێکدا ئەمانە جیاوازن، ئێمە دەمانەێت حکومەت لە ھەرێم پێکبێت، دواتر چارەسەری ھاوبەش بۆ بەغدا و کەرکووک دابنێین پێکەوە".



ڕوونیشی کردووەتەوە کە لەم دوو ڕۆژەدا کۆبوونەوەکان لە نێوان پارتی گۆڕان لە لایەک و مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لەلایەکی دیکەوە ئەنجام دەدرێن و هیوای خواستووە لە مانگی شوباتدا بگەنە ڕێککەوتن. دووپاتیشی کردەوە: ”پارتی پشووی درێژە، بەڵام تا ڕادەیەکی سنوردار، ئەگەر ھەر بینیمان لایەنی بەرامبەر شتەکان مەرجدار دەکات، ڕەنگە بۆ دانوستاندان ئێمە نەرمیی زۆرمان تێدا بێت، بەڵام بۆ مەرجدانان، ئێمە مەرجمان لەسەر خەڵک نییە و بە ئاسانیش مەرجی خەڵک لەسەر خۆمان قەبووڵ ناکەین".



فازڵ میرانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) نەیشاردووەتەوە کە پارتی و یەکێتی هەرچەندە تەواوکەری یەکترن، هەرچەندە لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتدا پارتی و لایەنەکان حکوومەتیان پێکهێناوە و بواریشیان بۆ یەکێتی هێشتووەتەوە تاوەکوو بەشداری بکەن. لەمبارەیەشەوە دووپاتی کردۆتەوە: ”لە ئیسلامدا تەڵاق حەڵاڵێکی مەکروھە، ئەم بژاردەیەش لای ئێمە مەکروھە، بەڵام ڕاستییە کە دەبێت ھەندێکجار مرۆڤ پەنا ببات بۆ ئەو مەکروھانە".



فازڵ میرانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە کێشەی پۆستی وەزیری دادی عێراق کردووە و گوتوویەتی: ”کاتی خۆی ڕێکەوتنمان لەگەڵ یەکێتی کرد لە بەغدا، کاک نێجیرڤان لەگەڵ کاک کۆسرەت و پاڤێڵ تاڵەبانی ئەنجامیان دا، ڕێکەوتنەکە بەو جۆرە بوو ئەگەر پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ پارتی بێت، ئەوا ھەموو پۆستە وەزارییەکانی تر لە بەغدا بۆ یەکێتی دەبێت لەگەڵ دوو ساڵی سەرۆکایەتیی حکوومەت، یەکێتی ئەو ڕێکەوتنەی پێشێل کرد، بۆیە ئەگەر پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ببەستینەوە بە وەزارەت داد لەبەغدا، ئەوا بەڕاستی بەکەڵکی ڕابەرایەتیی ئەم میللەتە نایەین، چونکە ھەر خۆی وەزارەتی داد ھیچی بەدەست نییە، دوای ئەوە وەزارەتێکی وەک داد چییە تا سەرۆکایەتیی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمانی ھەرێمی پێیەوە ببەستینەوە؟ لای ئێمە ھەرێمەکەمان گرنگترە لەوەزارەتێک کە ھیچ دەسەڵاتی نەبێت، با کاندیدێک دیاری بکەین نە پارتی یا یەکێتی بێت یا ھەڵبژاردنەکە بدەینە دەست سەرۆک وەزیرانی عیراق".



سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی باسیشی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک کردووە و ڕای گەیاندووە: ”با ئێمە ھەوڵ بدەین دۆخی کەرکووک ئاسایی بکەینەوە ئەوکات ئەنجومەنی پارێزگا بۆی ھەیە ھەڵبژاردن بکات و پارێزگارێکی کورد دابنێت، ئیتر لە پارتییە یا یەکێتی یا تورکمان، عەرەب، ئاشوور، کلدان یاخود ھەر لایەک دەبێت، خۆی تا ئێستاش بەپێی یاسای بریمەر، نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووکە، برادەرانی یەکێتی خۆشیان ئەمە باش دەزانن، ئەو برادەرانە خۆیان تێناگەیەنن، ئەو ڕێوشوێنانەی عەبادی دژی دکتۆر نەجمەدین کردی، نایاسایی بوو، چونکە لادانی پارێزگارێکی ھەڵبژێردراو دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران نییە". هەروەها گوتوویەتی: “ئەگەر یەکێتی دەڵێت ھۆکاری دانەنانی پارێزگاری کورد بۆ کەرکووک ئەندامانی پارتین لە ئەنجومەنی پارێزگا، ئەوە با گەرەنتییەک بدەن بەکورد، بڵێن ئەگەر پارێزگارێکی کوردی یەکێتی دانرا، کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ کورد، ئەوا من لە ئێستاوە بۆیان ئیمزا دەکەم، بەڵام وەڵا وانییە، کۆمەڵێک برادەر لە کەرکووکن، دەیانەوێت ئەو کونە گەورەیە بە پارێزگارێکی قوڕبەسەر پینەدۆزی بکەنەوە، بەس ئەو کونە گەورەیە بە پارێزگارێک پینەدۆز ناکرێتەوە".



فازڵ میرانی ئاماژەشی بەوە داوە کە نایەوێت برینەکە بکولێنێتەوە، لە کاتێکدا ”کەرکووکیان لەدەست دەرھێناین، ڕاشکاوانە بڵێم حکومەتی عیراق بە ئاسانی کەرکووک ناداتەوە، خەونەکەی ھاتە دی و دەستی بەسەر کەرکووکدا گرت، ئێستا لەگەڵ برادەرانی یەکێتی لیژنەیەک ھەیە سەردانی بەغدا دەکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق ڕێک بکەون بۆ دانانی پارێزگار، بەڵام بەم دۆخەی ئێستای کەرکووکەوە نا، چونکە دانانی پارێزگارێک لە ژێر دەسەڵاتی عەسکەر و حەشدی شەعبی قەبووڵ ناکەن، ھەندێک لەبرادەرانی یەکێتی چاوی خۆیان بەستووە، دەیانەوێت چاوی ئێمەش ببەستن، خۆ نیوەی سەرکردایەتی یەکێتی تا ئێستاش ناوێرن لە کەرکووک ھاتوچۆ بکەن".



لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، فازڵ میرانی بە ڕاشکاوانە گوتوویەتی: ”ئەو ئۆفەرەی ئێمە بۆ یەکێتی ھەمانە، ھەر حسابمان بۆ کورسییەکانیان نەکردووە کە (٢١) کورسییە، بەڵکو حسابمان بۆ واقیعیەت و مێژووی یەکێتی کردووە، سەرۆکی پەرلەمانمان خستۆتە بەردەستیان، ھەروەھا یەک جێگری سەرۆک وەزیران ھەبێت، بەڵام بەو مەرجەی قوباد تاڵەبانی بێت، بۆ غەیری قوباد ڕازی نابین، وەزارەتی سیادییان دەدەینێ، لەبەغدا سەرۆک کۆماریان ھەیە، هەروەها برادەرانی گۆڕانیش پۆستی جێگری سەرۆکی ھەرێم وەربگرن و پۆستەکانی دیکەش بەپێی ڕێککەوتن لەنێوان ھەموو لایەک و پێکھاتەکانی تر مافی خۆیانە پشکیان لە یەکێک لە سەرۆکایەتییەکان ھەبێت".



میرانی نەیشاردووەتەوە کە یەکێتی کێشەی پۆستیان نییە، بەڵکوو کێشەی قوباد تاڵەبانییان هەیە، ”ئێمە خەڵکی گوندێکین، یەکتر باش دەناسین کە دەڵێین کێشەی یەکێتی کاک قوبادە، مەبەستمان دەست وەردان نییە، بەڵام یەکێتی چۆن لەناوەڕۆکی پارتی تێدەگات، ئێمەش باش لەناوەڕۆکیان تێدەگەین، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ھاوکاریان بین لەچارەسەرکردنی کێشەی کاک قوباد، چونکە جگە لەوەی کوڕی مام جەلالە، ھاوکات کەسێکی بەتوانایە، باشە ئەگەر جێگری سەرۆک وەزیران نەبێت، ئەی چی لەکاک قوباد بکەین؟".



جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە داوای یەکێتی ئەوەیە یەک جێگری سەرۆک وەزیران لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت نەک داوای پارتی، تەنانەت گۆڕان و تورکمانیش داوا دەکەن زیاتر لە جێگرێک هەبێت.



لەبارەی بە ئۆپۆزسیۆنبوونی یەکێتی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێت: ”با ئێمە واقیعی بین، بۆ یەکێتی ناچێتە سەر ببێتە ئۆپۆزسیۆن، لەگەڵ یەکێتی دەگەینە ڕێککەوتن، بۆ ئێمە و یەکێتیش نابێت ئۆپۆزسیۆن بین، بۆ حیزبی تر دەبێت، بەڵام ئێمە و یەکێتی خاوەنی ئەم وڵاتەین، ئیتر ئۆپۆزسیۆنی کێ بین؟".



باسیشی لە هێڵی سوور لای پارتی کردووە و گوتوویەتی: ”لای ئێمە دوو ئیدارەیی، خۆھاویشتنە باوەشی حکوومەتی عیراق و ڕێک نەکەوتن و پشتکردن لەیەکتر و سەنگەر لەیەکگرتن، ھێڵی سوورە".



تیشکیشی خستووەتە سەر داواکارییەکانی گۆڕان و ڕای گەیاندووە: ”گۆڕان تائێستا لە کۆبوونەوەکاندا گوتوویەتی بەشداری دەکەین و پێشنیازی خۆیان کردووە، ھەندێک لەو پۆستانەی دەیانەوێت دەستنیشانیان کردووە، باقییەکەی تریان داناوە بۆ دانوستان، بەڕاستی ڕەغبەتی خۆیان نەشاردۆتەوە و دەڵێن ئێمە ڕەغبەتمان لێیە بێینەوە ناو حکوومەت، پارتیش بەگەرمی پێشوازییان لێدەکات بۆ ناو حکومەت، چونکە پێمان خۆشە برادەرانی گۆڕانیش بەشداری لەحکومەتدا بکەن. برادەرانی گۆڕان چاوییان لە جێگری سەرۆک وەزیرانە ئەگەر بکرێتە دووان، لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام ئێمە پێمان باشە جێگری سەرۆکی ھەرێم بۆ گۆڕان بێت و جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان کە لیستی دووەمە بۆ یەکێتی بێت، بەڵام دواجار ھەموو ئەمانە پێویستیان بەڕێکەوتنە و ھیچی خاڵی کۆتایی نییە“.












باسنیوز
Top