بە هۆی پەکەکەوە ٤٧٠ گوندی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم ئاوەدان نەکراونەتەوە

	 بە هۆی پەکەکەوە ٤٧٠ گوندی ناوچە سنوورییەکانی هەرێم ئاوەدان نەکراونەتەوە
- پەکەکە خۆیان لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان حەشار داوە و بە گوێرەی بەدواداچوونێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، زیاتر لە ٤٧٠ گوندی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە هۆی پەکەکەوە ئاوەدان نەکراونەتەوە.

هاووڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هۆكاری ئاوەداننەبوونەوەی گوندە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نائارامیی ناوچە سنوورییەكان و هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەو گوندانە دەگەڕێننەوە و پەكەكە ڕێگرە لە ئاوەدانبوونەوەی ئەو گوندانە.

فەتحی محەمەد، هاووڵاتییەكی سنووری سیدەكانە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "گوندەكانی ئێمە پێشتر ئاوەدان بوون، گوندەكان كشتوكاڵ و بازرگانییان تێدا كراوە و سەرچاوەی داهات بوون بۆ حكوومەت و بەرهەمهێنەری زۆر كاڵاش بوون بۆ شارەكان، بەڵام ئێستا لەبەر نائارامی، ئەو گوندانە بوونەتە شوێنی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە و بەردەوام هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران گوندەكانی ئێمە بۆردوومان دەكەن."

غەفوور سەلیم، هاووڵاتییەكی سنووری مێرگەسۆرە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "گوندەكەمان دەكەوێتە سەر سنووری باكووری كوردستان لە دەڤەری مێرگەسۆر، ئەوە زیاتر لە 35 ساڵە ئاوارە بووینە، ئێستاش لە سۆران نیشتەجێین، نازانین چی بكەین تا ئێستاش هیچ شتێك دیار نییە، ئاخۆ كەی دەگەڕێینەوە گوندەكەمان، زۆر جار بە هاوین هەوڵمان داوە بگەڕێینەوە، بەڵام پەكەكە ڕێگریمان لێ دەكات و ناهێڵن بە ئاسانی بچینەوە گوندی باب و باپیرانمان، ئەگەر گوندەكان ئاوەدان كرابانەوە، هەم بۆ ئێمە هەم بۆ حكوومەت زۆر باش دەبوو، بۆیە داواكارین هەرچی زووە پەكەكە بنكە و بارەگاكانی خۆی لە گوندەكانی ئێمە بباتە دەرەوە و بگەڕێتەوە باكووری كوردستان."

بە پێی قسەی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە سنووری شارۆچكەی چۆمان، زیاتر لە 15 گوند لەبەر هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە چۆڵ كراون و خەڵكەكەی ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، هەرچی ئەوەی تایبەتیش بێت بە شارۆچكەی مێرگەسۆر، یەك لەسەر سێی سنووری ئەو شارۆچكەیە لە ژێر دەستی پەكەكەدایە، شارۆچكەی مێرگەسۆر 260 گوند لە خۆ دەگرێت، 80 گوند بە هۆی نائارامیی ناوچەكەوە چۆڵ بوونە."

لە سنووری پارێزگای دهۆك، جگە لە سەنتەری قەزای دهۆك، شەش شارۆچكەی دیكەش هەیە، لە ڕووی جوگرافییەوە، دهۆك بایەخێكی زۆری هەیە، بەو پێیەی هاوسنووری توركیا و سووریایە، ئەم هاوسنوورییەش بووەتە هۆكاری ئەوەی، بەردەوام شەڕێكی مەزن لەو سنوورە بەرپا ببێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نزیكەی 190 گوندی ناوچە سنوورییەكانی سەر بە پارێزگای دهۆك وێران ببن و خەڵكەكە گوندەكانیان چۆڵ بكەن و زەویوزاری خۆیان جێ بهێڵن، پەكەكەی تێدایە و ڕێگە نادەن خەڵكی ئەو گوندانە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، كە تەنیا نزیكەی 130 گوندی ئامێدی چۆڵ كراون، جگە لەو گوندانە، پەكەكە مەترسیی بۆ سەر گوندەكانی دیكەی كانی ماسی دروست كردووە.

لە سنووری شارۆچكەی پشدەریش 75 گوند لەژێر دەستی پەكەكەدانە، ئەمە لەكاتێكدایە كە 80%ی ئەم گوندانە ناوچەی كشتوكاڵین، ساڵانە بۆردوومان دەكرێن و بە هۆكاری نەبوونی سەقامگیری و هەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكەوە خەڵكەكەی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و درێژە بە كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی خۆیان بدەن.

كرمانج عیزەت، قایمقامی شارۆچكەی سۆران بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕوون كردەوە: "110 گوند لە سنووری سۆران ئاوەدان نەكراونەتەوە و لەبەر پەكەكە چۆڵ كراون، پەكەكە بووەتە كێشەیەكی گەورە بۆ هاووڵاتیان، دەبێ پەكەكە و توركیا ئەو شەڕەی لەسەر خاكی باشووری كوردستان دەكەن بیگوازنەوە بۆ باكووری كوردستان و مەیدانی خۆیان، چونكە هاووڵاتیان لەو شەڕە زەرەرمەند بوونە، حكوومەت زەرەرمەند بووە، چونكە لە ناوچە سنوورییەكان خەڵك ڕوو لە كوێستانەكان دەكات، بۆ مەڕ و ماڵات و كاری كشتوكاڵی ڕوو لەو ناوچانە دەكات، هەروەها زۆر شوێنی گرنگی گەشتیاری لەو ناوچانە هەن، ئەگەر چاك بكرێن، گرنگیی خۆیان دەبێت و سەرنجی گەشتیاران ڕادەكێشن، بۆیە بە ملیۆنان دۆلار زەرەر و زیان بەر هاووڵاتیان و حكوومەت كەوتووە."
kdp-
Top