بابەکر زێباری: ئەمەریکا نایەوێ حەشد لە ناوچە کوردستانییەکان بمێنن
بابەکر زێباری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێستا ئەمەریکاییەکان گەیشتوونەتە باوەڕێکی تەواو کە ئەو ناوچانەی حەشد دەستیان بەسەردا گرتوون بە کەڵکی ژیان ناهێن و مەترسین بۆ سەر ئەمەریکاش، بۆیە لەگەڵ ئەوە نین کە حەشدی شەعبی لەو ناوچانە بمێننەوە."
بە گوێرەی زانیاری و سەرچاوەکان لە شاری مووسڵ، کە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانیان ڕاگەیاندووە، هێزێکی ئەمەریکا خۆیان لە ناوچە کوردستانییەکاندا جیگیر کردووە و حەشدی شەعبی لە چەندین بارەگا لە ناوچەکانی بەرتلە و تەواوی دەشتی نەینەوا دەرکراون.
بابەکر زێباری کە پێشووتر سوپاسالاری عێراق بوو، دەڵێ: "حەشدی شەعبی بۆ مەرامی سیاسی و مەزهەبی لەم ناوچانەدا خۆیان جیگیر کردوون، ئەمەش وەک ئەمەریکاییەکان دەڵێن، هەڕەشەی جیددین بۆ سەر ئاسایشی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا."
بە گوێرەی چاودێرانی مافی مرۆڤ دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە کوردستانییەکان، ئەو هێزانە چەندان پێشێلکارییان بەرانبەر خەڵک کردووە، بۆیە خەڵکی ناوچەکە ناتوانن لەبەر ئەو هێزانە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هێشتا لە ئاوارەیی دەژین.
kdp-
