مەسیحییەکان: تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، ئێمەیش ناگەڕێینەوە

مەسیحییەکان: تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە، ئێمەیش ناگەڕێینەوە
مەسیحییەکان دەڵێن، ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا پارێزراوین و تا هێزی پێشەرگە نەگەڕێتەوە، ئێمەیش ناگەڕێینەوە ناوچەکانمان، چونکە ناچینە ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی.

نوێنەرێکی مەسیحییەکان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و کەسایەتیی دیاری مەسیحییەکان، وەحیدە یاقۆ ھورمز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "مەسیحییەکانی سنووری مووسڵ نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ سەر ناوچەکانیان و تەنیا لە سنووری تلسقۆف ژمارەیەکیان گەڕاونەتەوە، چونکە دۆخی مووسڵ زۆر خراپە و خەڵکیش چاوەڕێ دەکات حەشدی شەعبی لە ناوچەکانیان بکشێنەوە ئەوکات بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان ."

وەحیدە یاقۆ ھورمز گوتیشی: "جگە لە مەسیحییەکان تەنانەت عەرەبیش لە ھەرێمی کوردستان ماون و ئاوارەن و نایانەوێت بگەڕێنەوە، چونکە دوو ھۆکاری سەرەکی ھەیە کە بوونەتە ڕێگر لە بەردەم گەڕانەوەیان، ئەوانیش نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپیی دۆخی ئەمنی، بەڵام بەتایبەت دۆخی ئەمنی ڕێگری سەرەکییە."

ھورمز باسی لەوەش کرد: "ئاوارەکانی مەسیحی چاوەڕێی گفتوگۆی ئەمەریکا لەگەڵ حکوومەتی عێراقن، بگەنە ئەنجامێک بۆ دەرکردنی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانیان و گەڕانەوەی ھێزی ئەمەریکا و پێشمەرگە بۆ ناوچەکانیان، چونکە ئەگەر ئەو ھەنگاوە بنرێت ھە موو ئاوارەکان دەچنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەگەریش پێشمەرگە نەگەڕێتەوە مەسحییەکانیش ناگەڕێنەوە."

ئەمڕۆ، قەداسەتی پاتریاك مار ئەگناتیۆس ئەفرامی دووەم، پاتریاكی ئەنتاكیا و تەواوی ڕۆژهەڵات و سەرۆكی كەنیسەی سریانی ئەرتۆدۆكس سەردانی هەرێمی کوردستان کرد و لەگەڵ مەسروور بارزانی، ڕاویژکاری ئەنجومەنی ئاسایش کۆ بووەوە.

لەوبارەیشەوە، هەیسەم پترس، کە کەسایەتییەکی مەسیحییەکانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "هەرێمی کوردستان لە کۆنەوە پەناگەی ئارامی مەسیحییەکان بووە، لە هاتنی داعشیش، هەریمی کوردستان دەرگای بە ڕووی مەسیحییەکانی مووسڵ و باشووری عێراقدا کردەوە."

هەیسەم نایشارێتەوە، وڵاتانی مەسیحی بە چاوێکی بەرز تەماشای هەرێمی کوردستان دەکەن بەرانبەر ئەو ڕێزەی هەرێمی کوردستان لە مەسیحییەکان و تەواوی پێکهاتەکانی دەگرن و مەسیحیەکانیش هەرێمی کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بە شوێنی ئارامی خۆیان دەزانن.

مەسروور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند، پێویستە هەمووان ئەم وڵاتە بە وڵاتی خۆیان بزانن و ناکرێت پەنا بۆ جێهێشتنی وڵاتەکەیان ببەن.

ئەو کەسایەتییە مەسیحییە دەشڵێ: "هەمیشە سەرۆک بارزانی بە بڕبڕەی پشتی ئەم پێکەوەژیانە لە هەرێم دەزانین و سەرۆک بارزانی هەمیشە پشتیوانی مەسیحییەکانە."

ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و سەرۆک بارزانی چەندین جار ڕایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان شوێنی هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانە.
kdp-
Top