بە درێژایی 700کم، سنووری هەرێمی کوردستان لە مەترسی دایە

 بە درێژایی 700کم، سنووری هەرێمی کوردستان لە مەترسی دایە
خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا بە دەستی پەکەکە و سوپای تورکیا، کە ناوچەکانیانیان کرووەتە گۆڕەپانی شەڕی نێوانیان، گیریان خواردووە. بۆیە داوا دەکەن شەڕ ببەنەوە سنوورەکانی خۆیان، بۆ ئەوەی چیتر خۆیان و ئاواییەکانیان نەبنە قوربانی ئەو ململانێ و جەنگەی، کە ڕاست ئەوەیە لەسەر خاکی خۆیان بیکەن.

ساڵانێکی زۆرە داگیرکردنی گوند و ئاوایی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەکەکە و دانانی بنکە و بارەگا تێیاندا، بووەتە سەرچاوەی تێکدانی ژیان و ئاسایشی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە، تا ئەوەی بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا، کە بە پاساوی هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە دەیکاتە سەر ناوچەکە، خەڵک ناچار بێت گوند و ئاواییەکانی چۆڵ بکات.

خەڵکی ئەو ناوچە سنوورییانە دوو جار قوربانین، جارێک بەهۆی خۆسەپێنیی پەکەکە بەسەریاندا، جارێکی دیکەش بە هۆی ئەوەی بوونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی تورکیا.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بە درێژایی نزیکەی 700کم ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبەر بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە تیایاندا، مەترسیی بەردەوامیان لەسەرە. تەنانەت بە دەیان گوندی سنوورەکان چۆڵ کراون و ژیان و ئاوەدانیان تێدا نەماوە.

هێرشی فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیا، کە نزیکەی 12 ساڵە بە بیانووی لێدانی پەکەکە لەو ناوچە سنوورییانە بەردەوامن، جگە لە دروێنەکردنی گیان و ژیانی خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە و شەهید و بریندارکردنیان، هاوکات زیانێکی گەورەیشیان لە زەویی کشتوکاڵی و ڕەز و باخ و بێستان و پاوانەکانی ناوچەکە داوە، کە بە ملیارەها دینار دەخەمڵێندرێت.

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە درێژایی ئەم دوازدە ساڵە، زیاتر لە 288 گوندی ئەو ناوچانە کراونەتە ئامانجی هێرشە زەمینی و ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا.

هەر بە گوێرەی هەمان ئامار، تەنیا لە ماوەی چوار ساڵدا، واتە لە 1/1/2015 تا 31/12/2018، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 398 جار بۆردوومانی ناوچە سنوورییەکان و گوندەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، هاوکات تۆپخانەکانی ئەو وڵاتە 425 جار سنوورەکانیان تۆپباران کردووە. ئەنجامی ئەم هێرشانەیش، کە تۆزقاڵیک زیانی گیانی و ماددی و لۆجیستی بە پەکەکە نەگەیاندووە، تەنیا شەهیدکردن و بریندارکردنی دەیان هاووڵاتیی سڤیل بووە، کە هەندێک لەو بریندارانە بە هۆی لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەیانەوە کەمئەندام بوونە.

لە ماوەی تەنیا ساڵێکدا، جگە لە برینداربوون و کەمئەندامبوونی ژمارەیەک هاووڵاتی، زیاتر لە 20 کەس لە سنووری قەزا و ناحیە سنوورییەکانی دهۆک بە هۆی هێرشی فڕۆکەکان و تۆپبارانەوە شەهید بوونە. دوایین ڕووداوی جەرگبڕیش لەم بارەیەوە، ڕووداوەکەی هەفتەی ڕابردووی سنووری قەزای ئامێدی بوو، کە بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانەوە (4) كه‌س، کە بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی ناوچەکە، سەردانی گوندەکانیان کردبوو، کرانە ئامانجی فڕۆکەکان و شەهید کران".













باسنيوز
Top