عێراق ناڕەزایی دژی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی کورد دەداتە باڵیۆزی تورکیا

 عێراق ناڕەزایی دژی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی کورد دەداتە باڵیۆزی تورکیا
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا دەکات و ناڕەزایی وڵاتەکەی لەبارەی شەهیدکردنی هاووڵاتییانی کورد، پێ دەدات.



ئەمڕۆ یەکشەممە 27-1-2019، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، سەروەریی عێراق و ئاسایشی خەڵکەکەی لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتە.



وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها رایگەیاندووە، چەند هاووڵاتییەکی هەرێمی کوردستان بە گوللەی سەربازانی سوپای تورکیا گیانیان لەدەست داوە و برینداربوون و بەهۆی ئەوەشەوە، ”باڵیۆزی تورکیامان بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد و ناڕەزایی عێراقمان پێ گەیاند“.



بەهۆی شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و سوپای تورکیا، بەردەوام هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و باکووری کوردستان و تورکیا دەبنە قوربانی.



رۆژی شەممە 26-1-2019، هاووڵاتییانی شارۆچکەی شیلادزێ دژی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا و رفاندنی خەڵکی مەدەنی لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە، خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا و دواتر خۆپیشاندانەکە لە کۆنتڕۆل دەرچوو و گێرەشێوێنی تێکەوت.



هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام داوا لە سەرکردایەتیی پەکەکە دەکەن، بنکە و بارەگاکانی حزبەکەیان لەناو خەڵک و گوندەکان بکێشنەوە و چیتر بەهانە نەدەنە دەست سوپای تورکیا بۆ بۆردومانکردن، بەڵام پەکەکە گوێ لە داخوازیی ئەو خەڵکە ناگرێ و دەیانکاتە قەڵغان بۆ پاراستنی بنکە و بارەگاکانی.





باسنیوز
Top