هیچ حزبێکی کوردستان سروە عەبدولواحید لەخۆیەوە ناگرێت
پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی هەڵوێستەکانی و کارکردنی دوولایەنەی هەم بۆ شاسوار عەبدولواحیدی برای و هەم بۆ گۆڕان، سروە عەبدولواحید لەنێو گۆڕاندا دوور خراوەتەوە، لە کاتێکدا شاسوار عەبدولواحید، خوشکەکەی بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی ناوخۆیی گۆڕان و کاریگەریدانان لەسەر ئەو بزووتنەوەیە بەکار هێناوە، تاوەکوو بازنەی جەماوەریی خۆی لەنێو گۆڕاندا فراوانتر بکات. بۆیە سروە عەبدولواحید لەوە بێهیوا بووە کە چیتر بتوانێت لەنێو هیچ لایەنێکی کوردستاندا جێگەی خۆی بکاتەوە و بە ناچاری پەیوەندیکردنی بە هاوپەیمانیی (چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە) ڕاگەیاندووە.
هاوپەیمانیی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە کە پێکهاتەی چەندان حزب و هاوپەیمانی و لیستی گەورەی عێراقە، بۆیە هاوپەیمانییەکە گرنگییەکی ئەوتۆیان بە پەیوەندیکردنەکەی سروە عەبدولواحید نەداوە و تائێستا تەنیا لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانێتییەکدا بەشداری کردووە.
کاتی خۆی سروە عەبدولواحید، ”لە ھەڵبژاردنێکی ناشەرعی“ کرا بە سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق، ھەروەھا پۆستی ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانی وەرگرت، بەڵام ”تەنھا دوو کۆبوونەوە ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بوو، دواتر ئێمە بەزوویی لە پۆستەکەی دوورمان خستەوە“.
لەبارەی ھۆکاری دوورخستنەوەکەی، ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاشکرای کرد: ”کاتی خۆی ھەرچەندە سروە عەبدولواحید لە نێو گۆڕاندا پۆستی ھەبوو، بەڵام لە ھەمان کاتدا وەک وەزیری پەیوەندییەکانی شاسوار عەبدولواحیدی برای و گرووپی نەوەی نوێ دەجووڵایەوە و ئیشوکاری ئەوانی دەکرد“. جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئەو کاتەی ئێمە زانیمان ئیش بۆ براکەی دەکات، ڕاستەوخۆ لە ئەندامێتیی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دوورمان خستەوە“.
چالاک موھەندیس دووپات کردەوە کە ئێستا سروە عەبدولواحید ھیچ پەیوەندییەکی بە گۆڕانەوە نەماوە.
ھاوپەیمانیی چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە، لە ھاوپەیمانیی نەسری حەیدەر عەبادی و وەتەنیەی ئەیاد عەلاوی و حیکمەی عەمار حەکیم و سائیرونی موقتەدا سەدر پێکهاتووە.
basnews -
