نێچیرڤان بارزانی: چارەسەربوونی بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کاتی زیاتری پێویستە

نێچیرڤان بارزانی: چارەسەربوونی بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کاتی زیاتری پێویستە
لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی باڵای بەڕیتانیا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئه‌و كه‌شه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه‌ توانیویه‌تی به‌شێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و به‌شێكی دیكه‌ی كێشه‌كانیش پێویستی به‌ كاتی زیاتر هه‌یه‌.

 

ماڵپەری فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ ئه‌لیسته‌ر بێرت وه‌زیری ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ به‌ڕێزان جۆن وێلكس باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق و مارتن وار كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوو.

 

له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا بێرت خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و قوربانیدانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ شه‌ڕی داعش به‌رز نرخاند و جه‌ختی له‌ پابه‌ندیی به‌ریتانیا له پشتگیریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و ده‌ستخۆشی له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ بڕینی ڕێگه‌یه‌كی باش له‌ دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كان و پشتگیری له حكوومه‌تی نوێی عێراق، هه‌روه‌ها پشتگیریی خۆی بۆ دامه‌زراندنی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیشان دا.

 

لای خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و هاوكارییه‌كانی به‌ریتانیای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و دووپاتی كرده‌وه‌ ئه‌و كه‌شه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه‌ توانیویه‌تی به‌شێك له‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و به‌شێكی دیكه‌ی كێشه‌كانیش پێویستی به‌ كاتی زیاتر هه‌یه‌ و جه‌ختی له‌ پشتگیریی هه‌رێمی كوردستان بۆ حكوومه‌تی به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدی كرده‌وه‌.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ کرده‌وه‌ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ هه‌ر ئه‌گه‌رێکی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و هه‌ر توندوتیژییه‌ک له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان.

 

تاوتوێكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ست به‌ په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.
basnews -
Top