دژی ئەوەی لە شەڕی پەکەکە و تورکیا دەبنە قوربانی خەڵکی شیلادزێ خۆپیشاندانیان ئەنجام دا

دژی ئەوەی لە شەڕی پەکەکە و تورکیا دەبنە قوربانی خەڵکی شیلادزێ خۆپیشاندانیان ئەنجام دا
لە شارەدێی شیلادزێی سەر بە شاری ئامێدی، خۆپیشاندانێک لە دژی قوربانیدانی بەردەوامی خەڵکی دەڤەرەکە لە ئەنجامی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا ئەنجام درا.

 

لە ماوەی رابردوودا بەھۆی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا لە ناو سنووری ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھید و برینداربوون کە دوایینیان، چوار ھاووڵاتی شەھید بوون و دووانی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

 

بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو شەڕ و بۆردومانانە، دانیشتووانی شیلادزێ، خۆپیشاندانێکیان ئەنجام دا کە مۆڵەتیان بۆ خۆپیشاندانەکە وەرگرتووە. خۆپیشاندانەکە بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی ھاووڵاتیانی سڤیل و داواکردن لە سوپای تورکیا و ھێزەکانی پەکەکە بوو کە چیتر خەڵکی سڤیلی ناوچەکە نەکەنە قوربانیی شەڕی خۆیان.

 

ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان گۆڕیوە و چوونەتە سەر پێگەیەکی سەربازیی سوپای تورکیا و چەند ئۆتۆمۆبێلێکی سەربازییان سوتاندووە. لە کاتێکدا خەڵکی ناوچەکە لەنێو خۆپیشاندانەکەدا داوایان لە ھێزەکانی سوپای تورکیا و ھێزەکانی پەکەکە کردووە، ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و  خەڵکی سڤیل لە شەڕەکان بە دووربگرن و چیتر خەڵکی ناوچەکە نەبنە قوربانی بەریەککەوتنی نێوانیان.

 


basnews -
Top