وەزارەتی بەرگریی تورکیا: بەهۆی ئاژاوەگێڕیی پەکەکەوە هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکمان

وەزارەتی بەرگریی تورکیا: بەهۆی ئاژاوەگێڕیی پەکەکەوە هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکمان
سەبارەت بە هێرشی خۆپێشاندەرانی ئەمڕۆ شارەدێی شیلادزێ بۆ سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە دەڤەرەکە، وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕووداوەکە بەهۆی ئاژاوەگێڕیی پەکەکە بووە.

 

ئەمڕۆ شەممە لە شارەدێی شیلادزێی سەر بە شاری ئامێدی، خۆپیشاندانێک لە دژی قوربانیدانی بەردەوامی خەڵکی دەڤەرەکە لە ئەنجامی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا ئەنجام درا و دواتر هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا و پێکدادان لەنێوان سەربازانی تورکی نێو بنکەکە و خۆپێشاندەران درووست بوو.

 

سەبارەت بە ڕووداوەکە وەزارەتی بەرگری تورکیا ئێوارەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی کورتی سەبارەت بە ڕووداوەکە بڵاوکردووەتەوە تیایدا هاتووە"بەهۆی ئاژاوەگێڕیی پەکەکە-وە ئەمڕۆ لە باکووری عێراق هێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئێمە و لە ئەنجامدا زیان بەر کەلوپەلەکانمان کەوت و ڕێوشوێنی پێویستمان گرتووەتە بەر".

 

ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە کاتێکدایە کە لەمیانەی خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆدا خەڵکی دەڤەری شیلادزێ داوایان لە ھێزەکانی سوپای تورکیا و ھێزەکانی پەکەکە کرد کە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن و خەڵکی سڤیل لە شەڕەکان بە دووربگرن و چیتر خەڵکی ناوچەکە نەبنە قوربانی بەریەککەوتنی نێوانیان.

 

بەپێی گوتەی چەند خۆپێشاندەرێک، خۆپێشاندانەکەی ئەمڕۆی شیلادزێ بەمەبەستی ئیدانەکردنی شەڕ و پێکدادانەکانی تورکیا و پەکەکە لە دەڤەرەکە و ناڕەزایی لەبەرامبەر قوربانیدانی خەڵکی ناوچەکە بووە لە ئەنجامی شەڕی ئەو دوو لایەنە، بەڵام دواتر بەشێک لە خۆپێشاندەران ڕێڕەوی خۆپێشاندانەکەیان بۆ هێرشکردنە سەر بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە سنووری شارەدێی شیلادزێ گۆڕیوە.

 

لە ماوەی رابردوودا بەھۆی شەڕی نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا لە ناو سنووری ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک ھاووڵاتی شەھید و برینداربوون کە دوایینیان، چوار ھاووڵاتی شەھید بوون و دووانی دیکەش بێسەروشوێن بوون.
basnews -
Top