بڕیارە دهۆك و بەرلین ببنە دەستەخوشك
ئارمانج عەگید نێروەیی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە كۆمەڵەكەمان ماوەیەكە دەستمان كردووە بە كاركردن بۆ ئەوەی پەیوەندی و هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستاندا دروست بكەین، بۆ ئەم مەبەستەش هەفتەی ڕابردوو سەردانی پەرلەمانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا و پەرلەمانی هەرێمی بەرلین و سكرتێری گشتیی پارتی (سی دی ئۆ) و شارەوانیی (بەرلین- میتتێ)ـمان كرد."
نێروەیی، گوتیشی: "ئێستا كار بۆ دروستكردنی پەیوەندی لە نێوان (12) لە شارەوانییەكانی هەرێمی بەرلین و شارەوانییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، بە تایبەتیش شارەوانیی بەرلین- میتتێ و شارەوانیی شاری دهۆك، بۆ ئەوەی لە تەواوی سێكتەرەكاندا ئاڵوگۆڕ هەبێت، لەوانەش وەرزش و پەروەردە و هێنانی بەردەوامی شاندی گرووپی مامۆستایان بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پەروەردە و فێركردن و بەڕێوەچوونی سیستم و هێنانی یانە وەرزشییەكان و بەشداریكردنیان لە مەشق و پاڵەوانیەتیی میللەتانی دۆستی هەرێمی بەرلین، هەروەها كار بۆ ئەوە دەكەین شاری دهۆك و شارەوانی بەرلین- میتتێ كە گەورەترین شارەوانیی بەرلینی پایتەختە، ببنە دەستەخوشك، بۆ ئەم پرسەش لەگەڵ ئەندازیار كارستن شپاللك، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی شارەوانی بەرلین ـ میتتێ و بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتیی قوتابخانەكان، كولتوور، وەرزش و ئاوەدانكردنەوە كۆ بووینەتەوە تا كارەكان دەست پێ بكەین."
دەشڵێ: "سەرقاڵین شاندی باڵا لە هەموو پارتەكانی ئەڵمانیا بێنینە كوردستان تاوەكو بە چاوی خۆیان پێشوەچوونی كوردستان ببینن و باشتر بزانن چی بۆ هاووڵاتیان بكرێت لە داهاتوودا، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵەی دۆستایەتی لە بەرنامەیدایە ئاڵوگۆڕی كولتوور و رۆشنبیری بۆ مانگی ئادار بكات، بۆ كەرنەڤاڵی كولتووریی بەرلینیش دوو شاندی دیكە لە هەموو پارێزگاكانی كوردستان داوەتی بەرلین دەكرێن."
گوتەبێژەكهی كۆمەڵەی دۆسایەتیی كورد و ئەڵمانیا زیاتر گوتی: "دوای سەردانی ئێمە بۆ پەرلەمانی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا، خاتوونی پەرلەمانتار هێلین ئەڤرەم سوممەر لە پارتی چەپی ئەڵمانی، ئاشكرای كرد كە بۆ جاری یەكەم سەردانی كوردستان دەكات لە مانگی ئادار و نەورۆزی ئەمساڵیش لە هەولێر پیرۆز دەكات".
كۆمەڵەی دۆستایەتیی كورد و ئەڵمانیا، لە ساڵی 2016ـوە بە مەبەستی كاركردن بۆ هەماهەنگی و پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا دامەزراوە.
kdp -
