گوایدۆ پێش کودەتاکەی پشتگیریی چەند وڵاتێکی بەدەست هێناوە

 گوایدۆ پێش کودەتاکەی پشتگیریی چەند وڵاتێکی بەدەست هێناوە
سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا پێش ئەوەی نیمچە کودەتاکەی بەسەر سەرۆکی وڵاتەکەیدا بکات، پشتگیریی چەند وڵاتێکی بەدەست هێناوە.

ئەنتۆنیۆ لیدیسما، یەکێک لە یاریدەدەرانی خوان گایدۆی سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا، بە ئاژانسی (ئەسۆشێیت پرێس)ی ئەمریکی راگەیاندووە، پێش ئەوەی خۆی وەک سەرۆک رابگەیەنێت، گوایدۆ بە نهێنی سەردانی هەرسێ وڵاتی ئەمریکا، بەرازیل و کۆڵۆمبیای کردووە.

ئەنتۆنیۆ لیدیسما هەروەها رایگەیاندووە، کە خوان گوایدۆ پلانی خۆی بە سەرانی ئەو سێ وڵاتە گەیاندووە و پێی گوتوون، ئەوان وەک ئۆپۆزیسیۆن، پلانیان هەیە دەست بە خۆپیشاندان بکەنەوە و دواتریش خۆی وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا رابگەیەنێت.



ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-1-2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت ناساند و رایگەیاند، نیکۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆکایەتیی وڵات ناکات.


تا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، پاراگوای، کۆڵۆمبیا، کەنەدا، پیرۆ، یەکێتیی ئەوروپا پشتگیریی خوان گوایدۆ دەکەن و وڵاتانی مەکسیک، کوبا، رووسیا، تورکیا و ئێرانیش تەنیا یکۆڵاس مادۆرۆ بە سەرۆک دەزانن.









باسنيوز
Top