به‌ياتى: راكان جبوورى له‌ كه‌ركووك ده‌ستى به‌سه‌ر زۆربه‌ى پۆسته‌ ئيدارييه‌كاندا گرتووه‌

به‌ياتى: راكان جبوورى له‌ كه‌ركووك ده‌ستى به‌سه‌ر زۆربه‌ى پۆسته‌ ئيدارييه‌كاندا گرتووه‌
به‌رپرسى لقى باكوورى رێكخراوى به‌در، محه‌ممه‌د مه‌هدى به‌ياتى رايگه‌ياند، پارێزگارى كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت، راكان سه‌عيد جبوورى، ده‌ستيى گرتووه‌ به‌سه‌ر زۆربه‌ى پۆسته‌ حكومييه‌كانى پارێزگاى كه‌ركووكدا و ره‌چاوى مافى پێكهاته‌كانى ديكه‌ى شاره‌كه‌ ناكات.

له‌ نامه‌يه‌كدا، به‌يانى راشيگه‌ياند، ئيداره‌ى پارێزگارى كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت نمونه‌يى نييه‌ و پێشێلكارى تێدايه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مافى پێكهاته‌كانى ديكه‌.

هه‌روه‌ها گوتى: زيانمه‌ندى سه‌ره‌كى له‌و هاوكێشه‌يه‌، توركمانه‌كانن، به‌ تايبه‌تى توركمانى شيعه‌ و هه‌روه‌ها عه‌ره‌به‌ شيعه‌كانيش بوونه‌ته‌ قوربانى.

محه‌ممه‌د مه‌هدى به‌ياتى هێرشى زياترى كرده‌ سه‌ر راكان جبوورى و له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتيشى: به‌داخه‌وه‌ ناچارم دابه‌زمه‌ ئاستى ئه‌وه‌ى به‌ زمانى تائيفى قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكه‌م، چونكه‌ تۆ پۆسته‌كان له‌م عه‌شيره‌ت وه‌رده‌گيريته‌وه‌ و ده‌يده‌يته‌ عه‌شيره‌تێكى ديكه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مايه‌ كار ده‌كه‌يت.

راكان سه‌عيد جبوورى، پارێزگارى كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت له‌ دواى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 له‌ لايه‌ن عه‌بادييه‌وه‌ ده‌ستنيشان كرا و له‌ ماوه‌ى كاركردنيدا كورد به‌ هه‌وڵدان بۆ ته‌عريبى كه‌ركووك تۆمه‌تبارى ده‌كات و توركمان و شيعه‌كانيش پێيان وايه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى عه‌شيره‌تگه‌رى و تائيفى كارده‌كات.
k24-
Top