نوێنهری پارتی له قاهیره: میسر هەوڵدەدات زیاتر پشتگیریی کورد بکات
شێرکۆ حهبیب، نوێنهری پارتی دیموکراتی کوردستان له قاهیره لهبارهی ئهو پرسیارەوە کە بۆچی دەوڵهتانی عەرەب گرنگی بە کوردستان دەدەن؟ بۆ ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کوردستان جگه لهوەی له ڕووی سیاسییهوە گرنگی و تایبهتمهندیی خۆی ههیه، له ڕووی جوگرافیشەوە تایبهتمهندیی خۆی ههیه، هەرچەند لە سهرەتای بیستهکانی سهدەی ڕابردوو بهبێ ئیرادەی میللهتهکهی به دەوڵهتی عێراقی تازەدامهزراوەوە لکێنرا، بەڵام لهگهڵ ئەوەش، ئەو تایبهتمهندییهی خۆی لهدەست نهدا، هۆکارەکهیشی له ڕووی جوگرافییەوە دهگهڕێتهوە بۆ ئەوەی دەکهوێته نێوان سێ وڵاتی جیاواز لە بواری زمان و کهلتوورەوە، که ئهوانیش عەرەب و فارس و تورکن، لە ڕووی سیاسییهوە ههر له دوای لکاندنی به عێراقهوە چهند حزبی سیاسی تێیدا دامەزرا و چهندین شۆڕش سهری ههڵدا، هەر له ههوڵهکانی شێخ عەبدولسەلام بارزانییەوە تا شێخ مەحموود و شۆڕشەکانی بارزان و... دواتر، ئهمانه وایان کرد کوردستان ببێتە هاوکێشەیەکی گرنگ لە ناوچەکەدا، بایەخدانی وڵاتانی عەرەب زیاتر بە کوردستانی باشوورە، تەنانەت لەم دواییەشدا بایەخ بە کوردستانی ڕۆژئاوا دەدرێت لەسەر ئاستی میللی، بایەخدانی عەرەب بە کوردستان لەم سەردەمەی ئیستادا بە بۆچوونی من لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە سەرۆکی میسر، خوالیخۆشبوو، جەمال عەبدولناسر لە کۆتاییی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، پێشوازیی لە باوکی ڕۆحیی کورد، جەنابی مەلا مستەفای بارزانی کرد، چونکە عەبدولناسر سەرکردەیەکی دیار و ناسراوی عەرەب بوو، هەر لەو کاتەشەوە میسر پشتگیریی لە مافەکانی کورد کردووە."
شێرکۆ حەبیب گوتی: "وڵاتانی عەرەب کاتێک بایەخ بە کوردستان دەدەن بێگومان دەیانەوێت کورد لە عێراق جیاواز نەبێت، چونکە ئەوە دەزانن کە ڕۆڵی کورد لە عێراق تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لەبەر شوێنە جوگرافییەکەی کە سنووری باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتانی عەرەبییە و هەڵبەتە بۆیان دەرکەوتووە کە کورد ئامرازی سەقامگیری و پێکەوەژیانە لە ناوچەکەدا، ئەمەش لە دوای ڕاپەرین و ڕزگارکردنی عێراق بە ڕوونی دەرکەوت، جگە لە سەردانی شاندە کوردستانییەکان هەندی لەو وڵاتانە، بەتایبەتی سەردانەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی و کردنەوەی کونسووڵخانەی هەندێ لەو وڵاتە عەرەبانە، جگە لە هەوڵە بازرگانی و ئابوورییەکان، بە تایبەتی وڵاتانی کەنداو کە ئەمڕۆ کوردستان بازاڕێکی ئارامە بۆ وەبەرهێنان".
شێرکۆ حەبیب ئهوهیشی خسته ڕوو: "میسر وڵاتێکی کاریگەرە لە ناوچەکە و تەنانەت جیهان، پێگەی تایبەتی خۆی هەیە و میسر ئاشنای دۆزی ڕەوای میللەتی کوردە و بایەخ بە مافی کورد دەدات، هەر لە سەردەمێ خوا لێی خۆش بێت، سەرۆک جەمال عەبدولناسر و پێشوازیکردنی لە بارزانی نەمر، ئیستایشی لەگەڵدا بێت لەگەڵ مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردە لە چوارچیوەی عێراق و چەندین جار ئەم بۆچوونە لە لایەن سەرۆک سیسی ئاماژەی پێ کراوە، تەنانەت لە کاتی گشتپرسیدا وەزارەتی دەروەی میسر لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی لە یەکپارچەییی خاکی عێراق کرد بە مەرجی دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد و ڕاپرسییەکەیان بە گرفتێکی ناوخۆ هەژمار کرد."
نوێنەری پارتی لە قاھرە گوتی: "جگە لەوەش، میسر یەکەم وڵاتی عەرەب بوو کە کونسووڵی گشتیی لە هەولێر کردەوە. بێگومان مێژووی نێوان کورد و میسر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێکی دوور و تا ئیستاش بەڕەچەڵەک کوردیان هەیە. میسر لەم ساتانەدا زیاتر خوازیاری پێشکەوتنی پەیوەندییەکانە لەسەر هەموو ئاستێک و لە ڕووی کەسایەتی و میللییەوە زیاتر تێگەیشتنیان بۆ دۆزی کورد هەیە لە دوای کردنەوەی مەکتەبی پارتی لە قاهیرە، کە لەو ماوە کورتەدا توانیمان تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی بەهێز دروست بکەین، لەسەر ئاستی سیاسی و ڕاگەیاندن و ئاڵوگۆڕی بیروڕا و هەواڵەکانی کوردستان تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕاگەیاندنەکانی میسردا هەیە و بڵاو دەبێتەوە."
شێرکۆ حەبیب ئەوەیشی خستە ڕوو: "میسر دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ ببینێ لەگەڵ کوردستان، بەڵام دەبێ ئەم هەوڵانە دوولایەنە بێت، بەگشتی میسرییەکان دەیانەوێت عێراق سەقامگیر بێت و کورد ڕۆڵی گرنگی هەبێ نەک فەرامۆش بکرێت و میسر و کوردستان لە زۆر ڕووەوە پەیوەندیی بەهێزیان هەیە و میسر لە هەوڵی زیاتر پشتیوانیی کوردە لە سەرجەم بوارەکاندا بە گوێرەی خوێندنەوەی ئێمە. لە بەرانبەریشدا جەنابی سەرۆک بارزانی بایەخێکی زۆر بە پەیوەندییەکانی کوردستان و میسر دەدات."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە گۆڕانکاریی ناوچەکە چۆن دەبینیت و کوردستان چۆن دەتوانێت یارییەکە بکات؟ شێرکۆ حەبیب دەڵێت: "هەروەک ئاماژەمان پێ کرد کوردستان لە سەرجەم لایەنەکاندا ڕۆڵی گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە، بێگومان ناوچەکە ڕووبەڕووی گۆڕانکاری دەبێتەوە، هەڵبەت لە نەخشەیەکی نوێی شێوازی حوکمڕانی، نەک دابەشکردن، یان کۆتاییهێنان بەو گرفتانەی لە ناوچەکەدا هەن و دابەشکردنی بەرژەوەندییەکانی زلهێزەکان لە ناوچەکەدا. مەرج نییە هیچکام لەو وڵاتانە دابەش بکرێت، هۆکارەکەیشی ئەوەیە نایانەوێت عێراق لەم کات و ساتەدا دابەش بکرێت، چونکە میللەتی کورد تاکە میللەتە کە دەبێ ببێتە خاوەن دەوڵەت، بەڵام بە بۆچوونی من لەم ساتەدا ئەو بیرۆکەیە لە ئەجێندای زلهێزەکاندا نییە، بۆیە ناتوانین بڵێین ناوچەکە ئێستا دابەشبوون بە خۆیەوە دەبینێت، بەڵام لەو گۆڕانکارییەدا دەتوانین بڵێین کورد لە ناوچەکەدا تا ڕادەیەک مافەکانی دابین دەکرێت، بەتایبەتی لە عێراق، کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و زۆربەی وڵاتانی عەرەب دژی هێژمۆنیی ئێرانن لە عێراق، هەربۆیە دەبینین ئەمڕۆ خەریکە لە عێراقدا دەستوور کاری پێ دەکرێت و بڕگەکانی دەچەسپێت و مەبەستیان فەرامۆشنەکردنی کوردە، چونگە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕ و قەناعەتەی کە عێراق بەبێ بەشداریی ڕاستەقینەی کورد، ئەو گرنگی و بایەخەی نییە، هەروەک لە بابەتی بودجەدا. بێگومان بوونی کورد لە بڕیاری سیاسیی عێراقدا دەبێتە مایەی دڵخۆشیی وڵاتانی عەرەبی دۆست، لیرەدا ئەوەی پێویستە کورد بە هێمنی و شارەزایی مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکات و بتوانێ بوونی خۆی بچەسپێنێت و بەشداری بکات لە بڕیاری سیاسی و هەوڵەکان بۆ دابینکردنی مافەکان بێت و ئەمەش، دەبێ بە یەکدەنگی و یەکڕیزیی سەرجەم لایەنەکان دەبێت، هەروەک لە پرۆژەیاسای بودجەدا بەدیمان کرد، ئەگەر کورد یەکڕیز و یەکدەنگ بێت یارییەکە دەباتەوە و دەبێ یاریزانێکی باش بێت."
باسنيوز
