بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ بەغدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ کوردستان دەنێرێ

 بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ بەغدا مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ کوردستان دەنێرێ
ئەندامێکی کوردی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەگەر هەرێمی کوردستان نەوتی خۆیشی ڕادەستی حکوومەتی عێراقی فیدرال نەکات، ئەوا مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق ٥٢٢ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

شێروان میرزا، ئەندامی کوردی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، ئەوەی کە شەوی ڕابردوو کرا، بە هاوبەشی و هاوکاریی کوتلە کوردستانییەکان بوو لە لیژنە دارایی، ”توانیمان بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بچەسپێنین“.

ڕوونیشی کردەوە کە ئەوان هەوڵیان داوە بتوانن بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە ململانێی نەوتیی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق جیا بکەنەوە. گوتیشی: ”٦٨ ملیار دینار مانگانە لە وەزارەتی بەرگری بۆ پێشمەرگە دێت. هەروەها مووچەی فەرمانبەران دانراوە کە مووچەی ٦٨٢ هەزار و ٢١ فەرمانبەرە، ئەو ژمارەیە لە ٢٠١١ەوە جێگیر کراوە“.

شێروان میرزا ئەوەشی بە (کوردستان ٢٤) ڕاگەیاند کە مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی عێراق ٥٢٢ ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات کە ٢٠٠ ملیار دینار زیاترە لەو ٣١٧ ملیارەی پێشتر بەغدا بۆ کوردستانی ڕەوانە کردووە. گوتیشی: ”بەم شێوەیەش مووچەی فەرمانبەران باش دەبێ و پاشەکەوت نامێنێت. ئەمانە وادەکەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاشەکەوت لاببات و خزمەتگوزارییەکان دەست پێ بکاتەوە“.

پێشتر مەسعود حەیدەر کە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکانی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەشداری کردبوو، ڕايگەیاندبوو کە ئەو شایستانەی کورد کە لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراقدا جێگیر کراون، بەشێکن لە دەرئەنجامەکانی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا.










باسنيوز
Top