ئاژانسێکی رووسی: هاووڵاتییان چەندین بارەگای هەسەدە و پەیەدەیان سووتاند
ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-1-2019، ئاژانسی (سپۆتنیک)ی رووسی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردەوە، کە خەڵکی سەر بە عەشیرەتە عەرەبییەکانی ئەلبوخەمیس، ئەلمیغلەتان و ئەلبوجابر راپەڕینێکیان لە دژی هەسەدە و ئاسایشی پەیەدە ئەنجام داوە.
هەروەک ئەو ئاژانسە بڵاوی کردووەتەوە، چەکدارانی سەر بەو عەشیرەتانە بارەگاکانی هەسەدە و ئاسایشی پەیەدەیان لە ناوچەکانی مەنسوڕە، هەنیدە، سەفسافە و مەزرەعەی سەفسافە لە گوندەوارەکانی باشووری رۆژئاوای رەققە، سووتاندووە.
تەها عەلی مەحمود، رۆژنامەنووسی ناوچەکە بە سپۆتنیکی راگەیاندووە، سووتاندنی بارەگاکانی هەسەدە و ئاسایشی پەیەدە دوای ئەوە هات، کە شەڕڤانانی هەسەدە گەنجێکیان بەناوی زەین حامد زەین کوشتووە و سێ گەنجی دیکەشیان بریندار کردووە.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوی باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنيوز
