شارەزایەکی شوێنەوار لە کرماشان دەستگیر کرا

 شارەزایەکی شوێنەوار لە کرماشان دەستگیر کرا
شوێنەوارناسی کورد کە ماوەیەک پێش لەگەل تیمێکی پشکنین و توێژینەوەی زانکۆکانی دانیمارک و ئاڵمانیا ئاسەواری ژیار (شارستانیەت)ی ٧ هەزار ساڵەیان لە نزیک ڕوانسە دۆزییەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لە ڕاۆژانی ڕابردوودا هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی "ناسر ئەمینی‌خا" کەوناراناس و کارناسی باڵای کەوناراناسی لە گەڕەکی دەوڵەتاوای ئەو شارە و دەستبەسەریان کردووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات وێڕای دەستبەسەرکردنی ئەو کەوناراناسە، ماڵەکەشیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر کەرەستە تایبەتییەکانی وەکوو مۆبایل و کۆمپیوتەر و هتد گرتووە.

ئەمینی‌خوا، پاییزی ئەمساڵ هاوڕێ لەگەڵ تیمیکی توێژینەوەی زانکۆکانی کۆپێنهاکی دانیمارک و بەرلینی ئەڵمانیا دوای پشکنینی گردی (خەیبەر) کە لە نێوان شارەکانی ڕوانسەر و کرماشان هەڵکەوتووە، توانیبوویان ئاسەواری ژیاری ٧ هەزار ساڵە لەو شوێنە بدۆزنەوە و بینایەکی خشتییان کە هی سەردەمی ئەشکانییەکان بووە، دۆزیبووە.

ئەو ئاسەوارناسە کوردە هەتا ئێستا چەندین وتاری زانستی بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی لەسەر ناوچەکانی هەورامان و کرماشان بڵاو کردووەتەوە، هاوکات دوو کتێبیشی لەسەر فەرهەنگ و مێژووی هەورامان و ئاسەوارە مێژووییەکانی هەورامان و کرماشان چاپ و بڵاو کردووەتەوە.

ناوبراو دوای بوومەلەرزەی دووساڵ پێشی سەرپێڵی‌زەهاو ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە هەبووە.

دوای سـێ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەو ئاسەوارناسە کوردە، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە و نازانرێ لە کوێ ڕاگیراوە.











باسنيوز
Top