گۆڕان: دەمانەوێ لەگەڵ پارتی بگەینە ئەنجامێک

 گۆڕان: دەمانەوێ لەگەڵ پارتی بگەینە ئەنجامێک
بەرپرسێکی بزووتنەوەی گۆڕان ڕای گەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکوو کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بێت. جەختیشی کردەوە کە دەیانەوێت لەگەڵ پارتی ”بگەینە ئەنجامێک“.

خەلیل سەرکانی، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ڕايگەیاند: ”ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ پارتی بگەینە ئەنجامێک و بە هەموو لایەکمانەوە لە چوارچێوەی بەرنامە و کارنامەی سیاسیی باشدا ئەو کابینەیە بەگوێرەی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن و دەنگی ھەموو لایەکمان، کابینەکە پێکبێنین، بۆ ئەوەی دەست بەکاربێ“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ماوەیەکی زەمەنیی بەرچاو بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە و بۆ هەموو لایەک ”عەیبەیە“ هێندە پێکهێنانی حکوومەت دوابکەوێت.

بە گوتەی سەرکانی، گۆڕان ”بە نیازێکی باش“، ئەو شەش پاکێجەی کە کاتی خۆی نەوشیروان مستەفا دایناوە، بە پارتییان داوە. گوتیشی: ”پارتی کابینەی حکوومەت پێکدێنێت و زۆرینەی کوسییەکانی مسۆگەر کردووە، ئەو بەرپرسی یەکەمە کە کابینەکە سەرکەوتوو بێ یان نا، نەک وەک ئەوانەی پێشوو، ئێمەش ئیش بۆ ئەوە دەکەین کابینەیەکی سەرکەوتوو بێت“.











باسنيوز
Top