گەشتەکانی نێوان سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیا دەست پێ دەکەنەوە

 گەشتەکانی نێوان سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیا دەست پێ دەکەنەوە
گەشتە نێودەوڵەتییەکانی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی تورکیا دەست پێ دەکەنەوە.

تاھیر عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ڕایگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی تورکیا ئەمڕۆ پێنجشەممە 24-1-2019ـی وەک دوا وادەی کۆتایی ھێنان بە گەمارۆی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی دیاری کردووە.

تاهیر عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند، لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەو 25-1-2019 ھێڵە ئاسمانییەکان دەتوانن گەشتەکانیان بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاسایی بکەنەوە و بە پێچەوانەشەوە.

رۆژی چوارشەممە 23-1-2019، ڤاهید تۆرهان، وەزیری گواستنەوەی تورکیا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، کە هەواڵی کردنەوەی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی راگەیاند و گوتی، هەفتانە حەوت گەشت لەو فڕۆکەخانەیەوە بۆ تورکیا ئەنجام دەدرێن.

تورکیا گرتنی ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ ”هاوکاریکردن“ی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەلایەن دەسەڵاتدارانی سلیمانییەوە، گەڕاندبووەوە.

دوای دەستگیرکردن و داخستنی بارەگاکانی حزب و رێکخراوە نزیکەکان لە پەکەکە لە لایەن هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، حکوومەتی تورکیا بڕیاری کردنەوەی گەشتەکانی نێوان فڕۆکەخانەی سلێمانی و فڕۆکەخانەکانی وڵاتەکەی، دا.











باسنيوز
Top