لیوا بابەكر: گەشبینین لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان رێككەوتن بكرێت

لیوا بابەكر: گەشبینین لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكان رێككەوتن بكرێت
بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، وەزارەتی پێشمەرگە چاوەڕوانی شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراقە، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی پێشمەرگەش، گەشبینیی خۆی سەبارەت بە ڕێككەوتن لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكان دەردەبڕێت.

ساڵی ٢٠١٤ و پێش شەڕی داعش، لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان ھێزی پێشمەرگە بە ھاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئەو ناوچانەیان بەڕێوە دەبرد، بەڵام دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە نەما، پێشتر كۆبوونەوە لە نێوان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا كراوە  بۆ ئاساییكردنەوەی ئەو ناوچانە، ھەر بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە، چاوەڕێی شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراقن كە بێنە ھەولێر، تاوەكوو كۆبوونەوە لە نێوان ھەردوو وەزارەتی بەرگریی عێراق و پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان، لەبارەی گەڕانەوەی ھێزەكان، ئەنجام بدەن، گەڕانەوەكەش بۆ كاری ھاوبەشی ئەمنی و سەربازییە، لە ھەموو ئەو ناوچانەی كە ئێستا جموجۆڵی داعشیان تێدایە، لە خانەقینەوە تا دەگاتە شنگال، واتە ھەموو ناوچەكانی دیالە، سەڵاحەددین، كەركووك، مەخموور و مووسڵ دەگرێتەوە. ‌

ھەروەك سالار محەممەد جەبار، جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندبوو: "دوو لیژنەی ھاوبەشی سەربازی لە ئاستی باڵا لە نێوان ھەولێر و بەغدادا دروست دەكرێن، بۆ ئەوەی ئیدارەی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ بدرێت و ھەماھەنگی لە نێوان ھەردوولادا ھەبێت، دروستكردنی ئەو لیژنەیەش بە ئاگاداریی ئەمەریكاییەكان دەبێت".

لەو بارەیەوە، لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتیمانیی وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گەشبینییەكی باش ھەیە بۆ رێككەوتن لە نێوان ھەردوولا، بەڵام بە تەواوی بڕیار لەو بارەیەوە نەدراوە، كۆبوونەوەكانی پێشتریش كە دەكران سەبارەت بە گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە ‌و جێگیركردنیان بوو لەو ناوچانەدا بە ھاوبەشی، بەپیێ ئەو رێككەوتنەیش كە لەگەڵ حكوومەتی عێراق و ئەمەریكا و ھاوپەیمانان دەكرێت، ئەوان ئەو ناوچانە دیاری دەكەن و گەڕانەوەكە بە بەرنامە دەبێت".

جێگری سوپاسالاری ھێزی پێشمەرگە، ڕاشیگەیاندبوو: "حكوومەتی عێراق لیژنەی لەسەر ئاستی باڵا داناوە بۆ ئەوەی كار بكرێت و ئەو لیژنە سەربازییە كارا بكرێتەوە، كە بە چاودێریی ئەمەریكا كاتی خۆی دانرا، بڕیاریشە لە كوردستانەوە كار لەسەر دروستكردنی ئەو لیژنەیە بكرێت كە كارەكانیان ھەماھەنگیی سەربازییە لە نێوان ھەولێر و بەغدا".

سەبارەت بەو كێشانەی كە رووبەڕووی ھێزەكانی پێشمەرگە دەبنەوە لە كاتی گەڕانەوەیان، بەوەی كە ھەموو ھێزەكانی عێراق یەك ڕایان نییە، چونكە پۆلیس و حەشدی شەعبی و دژەتیرۆر و سوپای عێراق، ھەر یەكەیان ڕای خۆیان ھەیە و ھەندێك لەو ھێزانەش ڕای جیاوازیان دەربارەی دروستكردنەوەی ھەماھەنگی لەگەڵ پێشمەرگەدا ھەیە، لیوا بابەكر ئاماژەی دا: "دەبینین چەندین ھێز لە عێراق ھەن و حوكم دەكەن، بەڵام ئەگەر گەڕانەوەكە بە رێككەوتن بێت، كێشە دروست نابێ لە نێوان ھێزەكاندا، ئەوەی دەمێنێتەوە پەیوەندییەكانن، كە ئەمەش بریتییە لە بەرژەوەندیی نێوان ھەردوولا، زۆر جاریش ھەیە حكوومەتی عێراق بڕیارەكان بەپیێ میزاجی خۆیان یاخود بڕیارەكانی دەرەوە زاڵ دەبن بە سەریاندا، بەڵام گەشبینییەكی باش ھەیە كە كێشەكان چارە بكرێن".

بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاند، خەڵكی ئەو ناوچانە داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەكەن، تەنانەت خەڵكێكی عەرەبی سوننە و توركمانیش داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكەن، ھەمیشە ھەڵوێستی ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە ئەوە بووە كە پێشمەرگە سیمبوولی ئاشتی ‌و پێكەوەژیانە، سیمبوولی پاراستنی خاك و نیشتیمانە، ھەر بۆیە ھەمیشە ئەو روانگەیە لە پێشمەرگەدا دەبینن.

لە روونكردنەوەیەكیشدا سەبارەت بەو پرسە، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئاماژەی بەوە داوە: "ئەوەی تا ئێستا ھەیە، ئەوەیە وەزارەتی بەرگریی حكوومەتی فیدراڵیی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، كە باشترین رێگا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش و كۆتاییھێنان بە جموجۆڵ و كاری تیرۆریستان لە ناوچەكانی دیالە و سەڵاحەددین و كەركووك و مەخموور و مووسڵ، ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشە لە نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزەكانی سوپای عێراقدا، چاوەڕوانیشین لەوبارەیەوە كۆبوونەوەی فەرمی بكرێت و رێگا و شوێن و میكانیزمی گونجاو دابنرێت".

لەلایەكی دیكەشەوە، ئەمەریكا دەیەوێ ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانییەكان دوور بخاتەوە، ھەروەك پێشتر، رۆژنامەی (واڵ ستریت ژورناڵ)ی ئەمەریكا بڵاوی كردەوە، ئەمەریكا مەبەستیەتی لەم قۆناغەدا چەكدارانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكانی مووسڵ و كەركووك دەربكات، بۆ ئەوەش ژمارەیەكی زۆر سەربازی ئەمەریكایی چوونەتە دەوروبەری ئەو دوو پارێزگایە.

ھاوكات، فەقێ ئەحمەد ئاشكرایشی كرد، ئەمە بەرنامەیەكی ستراتیژی ئەمەریكایە كە ھێزەكانی لە زۆرێك لە ناوچەكاندا جێگیر كردووە، ئەولەوییەتیشی بۆ ئەوە دەبێت كە حەشدی شەعبی و ھێزەكانی دیكە دوور بخاتەوە، بۆیە ئەمەریكا ئامانجی یەكەمی دوورخستنەوەی ئەو ھێزانەیە.
kdp-
Top