د.فوئاد حوسێن بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس دەکات
لەم كۆڕبەندەدا د.فوئاد چەندین چالاكی گرنگ ودیداری دوو قۆڵی ئەنجام دەدات لەگەڵ ژمارەیەك وەزیر وبەرپرسی وڵاتانی جیهان وبەشداری چەندین پانێڵی نێو ئەم كۆڕبەندە دەكات لە چوارچێوەی كار و شارەزایی خۆی وەكو وەزیری دارایی هاوكات لەگەڵ نوێنەرانی چەندین كۆمپانیای گرنگ وبانكی نێودەوڵەتی كۆ دەبێتەوە.
لەگەڵ دەستپێكی سەردانەكەشی د.فوئاد لەگەڵ نوێنەری كۆمپانیای ئۆریدۆ گرووپی تایبەت بە بواری پەیوەندی وگەیاندن كۆبووەوەوە ولەم كۆبوونەوەیەدا تیشك خرایە سەر كاری كۆمپانیا لە عیراق وپەیوەندی نێوان ئەن كۆمپانیایە وكۆمپانیا نیشتیمانیەكان لە عیراق وئەو خزمەتگوزاریانەی لەڕێگەی هاوبەشانیەوە پێشكەشی دەكات ، هەروەها باس لەو گرفت وتەگەرانە كرا كە دێنە بەردەم رێگەی ئەو كۆمپانیایانە لە عیراق، جێگری سەرۆك وەزیران بەڵێنی دا چارەسەری پێویست بۆ ئەو گرفتانە بدۆزرێنەوە.
هەر لە هەمان رۆژدا جێگریسەرۆك وەزیران لەگەڵ سۆما جاكار بارتی سەرۆكی بانكی ئەورووپی بۆ كاروباری دووبارە ئاوەدانكردنەوە وگەشەپێدان كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە خواستی عیراق كرایەوە بۆ بوون بە ئەندام لەو بانكە وتیشك خرایە سەر ڕۆڵ وكارەكانی ئەم بانكە وهاندانی وەبەرهێنەران بۆ كاركردن لەعیراق وپێشكەشكردنی راوێژی پێویست لەبواری ئابووری ومالی.
هەر لەم دیدارەدا باس لە ئەزموونی ئەو بانكە كرا لە وڵاتانی دیكە وچۆنیەتی سوود وەرگرتن لە دەرفەتی كاركردن لە عیراق، هەردوولاش لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی لەنێوانیان كردەوە بۆ تەواوكردنی رێ وشوێنی بە ئەندامبوونی عیراق لەو بانكە.
هەر ئەمڕۆ د.فوئاد لەگەڵ خاتوو سیگەر دەكاخ وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بۆ كاروباری گەشەپێدانی بازرگانی كۆبووەوە، لەم دیدارەدا خاتوو دەكاخ پیرۆزبایی لە د.فوئاد كرد بەبۆنەی پێكهێنانی حكومەت ووەرگرتنی پۆستی تازەی ، هەروەها تیشك خرایە سەر بواری پەیوەندی ئابووری لەنێوان هەردوو وڵات كرا بەتایبەتی رێككەوتنی باجی هاوبەش لەنێوان هەردوو حكومەتی عیراق وهۆڵەندا.
هەر لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا د.فوئاد لەگەڵ خاتوو میشێل لامارشی نوێنەری بانكی لازاردی فەڕەنسی كۆبووەوە، ئەو بانكەی كە نوێنەرانی راوێژكارێكی گرنگی حكومەتی عیراق بوون لەكاتی گفتوگۆكانی (نادی پاریس) بۆ سڕینەوەی بەشێكی قەرزەكانی عیراق.
لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەنێوانیان رێككەوتن بۆ سوود وەرگرتن لە خزمەتگوزاریەكانی بواری وەبەرهێنان وسیاسەتی ئابووری ودارایی.
شیاوی باسە كۆڕبەندی ئابووری جیهان ساڵانە لە شاری داڤۆسی سویسڕا بە ئامادەبوونی چەندین سەركردەی سیاسی ونوێنەری وڵاتان وخاوەنی فیكر ومیدیاكار وبزنسكار ونوێنەرانی كۆمپانیا گەورەكانی جیهان وبەڕێوەبەری بانكەكانی جیهان ئەنجام دەدرێت ولەخۆیدا كۆڕبەندێكی سیاسی ئابووریە مەبەست لێی ئاڵوگۆڕی ڕا وبۆچوونە بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی ئابووری وسیاسی.
kdp-
