كونسووڵی گشتیی فەرەنسا سەردانی فراكسیۆنی پارتیی کرد

كونسووڵی گشتیی فەرەنسا سەردانی فراكسیۆنی پارتیی کرد
بە مەبەستی ئاگاداربوون لە گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کونسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سەردانی فراکسیۆنی پارتیی لە پەرلەمانی کوردستان کرد.

بە مەبەستی ئاگاداربوون لە دواین ڕەوشی سیاسی و گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەكان بۆ دەستنیشانكردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دومینیك ماس، كونسووڵی گشتیی فەرەنسا و شاندی یاوەری سەردانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتیان لە پەرلەمانی كوردستان كرد و لە لایەن هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆن و ژمارەیەك لە ئەندامی فراكسیۆنەوە پێشوازی كران.

لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، باردۆخی سیاسیی كوردستان و گفتۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەریەكە لە  یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان و پەیوەندییەكانی ئێستای نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی شی كردەوە.

سەبارەت بە گفتوگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، هێمن هەورامی ڕایگەیاند: "ئێستا گفتوگۆكان بەردەوامن و هەوڵ دەدرێت بەزوویی گفتوگۆكان بە ئەنجام بگات و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت."

دەربارەی كاری هاوبەش و ڕۆڵی پێكهاتەكان وەك كریستیانەكان و توركمانەكان، هێمن هەورامی گوتی: "كوردستان هی هەموو پێكهاتە و ئایین ئایینزاكانە و دەبێ ڕۆڵیان هەبێت و پارتی جەخت دەكاتەوە لەسەر بەشداریپێكردینان و پێدانی ڕۆڵی زیاتر بە كریستیانەكان و توركمانەكان كە دوو نەتەوەی سەرەكی و گرینگی كوردستانن."

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی تیشكی خستە سەر كارنامەكان بۆ بەدامەزراوەكردنیان لە چوارچێوەی بوونی دەستوورێكی شایستە بۆ هەرێمی كوردستان و هەروەها چاكسازییەكی گشتگیر و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكی كوردستان.

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا دومینیك ماس، كونسووڵی گشتیی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەم سەردانە و هیوای خواست گفتوگۆی لایەنەكان بە زوویی بگاتە ئەنجام و پشتیوانیی خۆیشیان بۆ هەر گفتوگۆیەكی ئەرێنی لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ حكوومەتی عێراق نیشان دا.
kdp-
Top