پەرلەمانتارێک: هەر دامەزراندنێک لە عێراقی فیدراڵ هەبێ، دەبێ هەرێمیش بگرێتەوە

	 پەرلەمانتارێک: هەر دامەزراندنێک لە عێراقی فیدراڵ هەبێ، دەبێ هەرێمیش بگرێتەوە
بڕیارە ئەمساڵ بە ھەزاران فەرمانبەر لە لایەن حکوومەتی عێراقی فیدراڵەوە دابمەزرێن و پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێ، داوامان کردووە پشکی ھەرێمی کوردستانیش بدرێت و ھەر دامەزراندێک لە عێراق ھەبێت، ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

محەمەد ئەمین مزووری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، بڕیارە ئەمساڵ ژمارەیەک فەرمانبەر لە عێراق دابمەزرێن و ھەر دامەزراندنێکیش ھەبێت ئەوە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، چونکە پڕۆسەی دامەزراندن جێگەی لەنێو بودجەدا دەکرێتەوە، ھەرچەندە تا ئێستا بودجە پەسەند نەکراوە لە لایەن پەرلەمانەوە، بەڵام ساڵانە لەگەڵ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق ژمارەیەک پلەی فەرمانبەریش دیاری دەکرێت.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەرچەندە من ئاگاداری ئەوە نیم بۆ ئەمساڵ چەند فەرمانبەر دادەمەزرێت، بەڵام ساڵانە دامەزراندن دەکرێتەوە، ھەر دامەزراندێک ھەبێت ئەوە ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دادەمەزرێن، چونکە خۆم لەگەڵ وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق باسی ئەو بابەتەم کردووە، کە ئەگەر فەرمانبەر بۆ وەزارەتەکە دابمەزرێن پشکی ھەرێمی کوردستانیش دیاری بکرێت."

محەمەد ئەمین مزووری ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دامەزراندنی فەرمانبەران لە دوای پەسەندکردنی پڕۆژەی بودجەوە دەبێت و بۆ ھەر وەزارەتێک ژمارەیان دیاری دەکرێت، لەگەل ئەوەشدا پشکی ئەو وەزارەتانە پشکی وەزارەتەکانی ھەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بەڵام پڕۆسەکە دەکەوێتە دوای چەند مانگێکی دیکە، چونکە دوای پەسەندکردنی بودجە، بە پێی پێویستی وەزارەتەکان فەرمانبەرانی نوێ دادەمەزرێندرێن."
kdp-
Top