سەرزێڕێ دەکرێتە دەروازەیەکی بازرگانیی نێودەوڵەتی

سەرزێڕێ دەکرێتە دەروازەیەکی بازرگانیی نێودەوڵەتی
سێ ڕۆژە دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ داخراوە و بەڕێوەبەرەکەیشی ھۆکاری داخستنی سەرزێڕێی بۆ لایەنی تورکیا گەڕاندەوە و دەشڵێ، ڕۆژانی دابێت کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ دەکرێتەوە و ئەمساڵیش دەکرێتە دەروازەیەکی بازرگانی.

عیرفان سلێمان، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بە ھۆی چەند ھۆکارێکی تایبەت بە وڵاتی تورکیاوە ماوەی سێ ڕۆژە دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ داخراوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو دووبارە بکرێتەوە، بێگومان ئەو ھۆکارانەی بە ھۆیەوە دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ داخراوە، پەیوەندییان بە وڵاتی تورکیاوە ھەیە و ھیچ کێشەیەک لە دەروازەکە و لایەنی ھەرێمی کوردستانەوە نییە."

بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "قایمقامی ئامێدی پەیوەندیی بە قایمقامی چەلێی باکووری کوردستانەوە کردووە و لایەنی تورکی پێی ڕاگەیاندووین لە ئایندەیەکی نزیکدا دەروازەکە دەکرێتەوە و ھاتوچۆ پێیدا ئاسایی دەبێتەوە، چونکە ئەوان لەو داخستنە پەشیمان بوونەتەوە و چەند جارێکیش بۆ ئەو مەبەستە والیی جۆلەمێرگ سەردانی قەزای چەلێی کردووە و چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دراون."

عیرفان سلێمان ڕوونی کردەوە: "رۆژانە ٦٠٠ کەس بە کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی سەرزێڕێدا ھاتوچۆ دەکەن و دەروازەیەکی نێودەوڵەتیی گەشتیارییە، بەڵام ھەنگاوی باش نراون ئەمساڵ (٢٠١٩) دەروازەکە بکرێتە بازرگانی و ھەموو پێوەرێکی بازرگانی و نێودەوڵەتیشی تێدایە، تەنیا کێشەی دەروازەکە ئێستا بارینی زۆری بەفرە لە ناوچەکە، چونکە ئەگەر بە ھۆی سەختیی ڕەوشی کەشوھەوای ناوچەکە نەبێت، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر زیاتر ھاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە ڕێگەی سەرزێڕێوە ھاتوچۆ دەکەن."
kdp-
Top