د. دیندار دۆسکی: پێویستە سەقفێکی زەمەنی بۆ پێکهێنانی کابینە دابنرێت
د. دیندار دۆسکی، سیاسەتمەدار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان لە وادەی یاساییی خۆیدا دروست بکرێت، ئەگەرنا قەیرانی سیاسی دروست دەکات، بۆیە پێویستە پەلە بکرێت لە دانوستانەکان بۆ ئەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دروست بکرێت و دواتر حکوومەت ڕاسپێردرێت و پرسی سەرۆکایەتیی ھەرێمیش لە ڕێگەی ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمەوە چارە بکرێت، بۆیە پەرلەمان کاری گرنگی لەپێشە."
د. دیندار دۆسکی گوتیشی: "پێویستە لایەنەکان ھەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و ڕێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگرن و پەلە بکەن لە دانوستانەکان بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەت دروست بکرێت، بۆیە دەبینین پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمە زۆر جددییە لە دانوستانەکان بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا حکوومەت پێک بێت، بەڵام پێویستە لایەنەکانی دیکەش بە ھەمان شێوە بن، بۆ ئەوەی لە دانوستانەکان بگەنە ئەنجامێک و ناکرێت دانیشتن بکرێت و ئەنجامی نەبێت."
دۆسکی باسی لەوەش کرد: "پێویستە سەقفێکی زەمەنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دابنرێت و پێویستە سەرەتا پەرلەمان کۆ بێتەوە و حکوومەت دروست بکرێت، دواتر لیژنە دروست بکرێن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی تایبەت بە بەغدا و کەرکووک، ئەگەرنا بەو شێوەیە بێت و ھەموو دۆسیەکان پێکەوە بن، پێکھێنانی حکوومەت دوا دەکەوێت."
گوتیشی: "گرنگە ئێستا بۆ ھەرێمی کوردستان وەکو ھەنگاوی یەکەم پرسی ھەرسێ سەرۆکایەتییەکە یەکلایی بکرێتەوە، دواتر لە ڕێگەی ئەوانەوە ھەر کێشەیەک ھەبێت چارە بکرێت.
kdp-
