تەقینەوەیەک لە کەرکووک ڕووی دا و ڕەوشی ئەمنی ئاڵۆزە

تەقینەوەیەک لە کەرکووک ڕووی دا و ڕەوشی ئەمنی ئاڵۆزە
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارەدێی ڕیازی سەر بە پارێزگای کەرکووک ئۆتۆمبێڵێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە و سەرچاوەیەکی ئەمنیش ئاشکرای کرد، لە دوای زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش ڕەوشی ئەمنیی ئەو سنوورە بەتەواوەتی لەدەست ھێزە ئەمنییەکان دەرچووە.

میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە شارەدێی ڕیازی سەر بە پارێزگای کەرکووک ئۆتۆمبێڵێکی بۆمبڕێژکراو تەقیوەتەوە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پۆلیسی عێراقی بوونەتە قوربانی و لێکۆڵینەوەش دەربارەی تەقینەوەکەی ئەمڕۆی شارەدێی ڕیاز بەردەوامە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شاری کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕیاز سەر بە قەزای حەویجەیە و ھەر لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەیەکی ناسەقامگیر بووە و لە کاتی ھاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعشیشدا حەویجە بە چوار شارەدێوە ھەر زوو ڕادەستی داعش کرا."

سەرچاوەکە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوای زیادبوونی جووڵەی چەکدارانی داعش و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ڕەوشی ئەمنیی کەرکووک و دەوروبەری زیاتر ئاڵۆزی بە خۆیەوە بینیوە و لە زۆرێک لە ناوچەکانی کەرکووک داعش و گرووپە چەکدارەکان دەسەڵاتیان ھەیە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراقیش توانای کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ئەمنییان نییە، ئەوەش وای کردووە، ھاووڵاتیانی ناوچەکە بە ترسەوە بژین."

لای خۆیشیەوە ئەفراسیاو کامیل، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە پێی ئەو ئامارەی بەدەست ئێمە گەیشتووە بە ھۆی ئەو تەقینەوەیەوە کەسێک گیانی لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون."

کامیل باسی لەوەش کرد، تا ئێستا ھیچ لایەنێک تەقینەوەکەی لەئەستۆی خۆی نەگرتووە.
kdp-
Top