ئەو پزیشکەی لە سلێمانی لێی درا بەهۆی هەڕەشەوە کوردستانی جێهێشت
کەناڵی (کوردستان ٢٤) لە زاری پەیامنێرەکەیەوە ئاشکرای کرد کە دکتۆر بەختیار ئەمین بارام، ئەو پزیشکەی لە شەوی ١٩ی ١ی ٢٠١٩ لە شەقامی سالمی شاری سلێمانی هێرشی کراوەتە سەر، لە پەیامێکی دەنگیدا ڕای گەیاندووە کە بەهۆی هەڕەشەوە کوردستانی جێهێشتووە و لە ئەورووپا سکاڵا تۆمار دەکات.
پێشتر ئەو پزیشکە ڕايگەیاندبوو کە چەکدارەکان جگە لەوەی لێیان داوە، تەقەیان لێ کردووە و خۆشیان بە کەسانی سەر بە بەرپرسێکی باڵای یەکێتی ناساندووە. دواتریش چەند میدیایەک ڕایانگەیاند کە ئەو بەرپرسە باڵایە کۆسرەت ڕەسووڵە، بەڵام نووسینگەی ڕاگەیاندنی کۆسرەت ڕەسووڵ ئەو دەنگۆیەی رەت کردەوە.
هەر لەمبارەیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣/١/٢٠١٩، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاشکرای کرد، ئەو سێ تۆمەتبارەی کە لە دۆسیەی بەختیار ئەمین بارام فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەبوو، خۆیان ڕادەستی ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی بەختیاری کردووە.
پێش چەند ڕۆژێک، هەریەک لە حاکم قادر حەمەجان و شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لەگەڵ دکتۆر بەختیار ئەمین بارام دیداریان هەبووە و هەوڵیان داوە کۆتایی بە کێشەکە بهێنن.
باسنيوز
