ڤیان سەبری: ئەمڕۆ گفتوگۆی جددی لەسەر بودجەی عێراق دەکرێت

  ڤیان سەبری: ئەمڕۆ گفتوگۆی جددی لەسەر بودجەی عێراق دەکرێت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ئەوان هەوڵ دەدەن ئەو بڕگەیە هەمووار بکەنەوە کە ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بەغدا بەستراوەتەوە.



ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ڕاگەیاند، ئێمە هەر لە ٣ی ١٠ی ٢٠١٨ و دواتریش کە پڕۆژەیاسای بودجە بە فەرمی گەیشتە پەرلەمانی عێراق، ”ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی، گرنگییەکی زۆرمان بە بابەتی بودجە داوە و چەندان کۆبوونەوەمان کردووە لەگەڵ هەموو کوتلە سیاسییەکان لەسەر بابەتی بودجە و جێگیرکردنی مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەران و مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقدا ماددەی ١٠ هەیە کە لە سێ بڕگەی (ا، ب، ج) پێکهاتووە، بڕگەی (ج) زۆر گفتوگۆی لەسەر هەیە، چونکە ”بڕگەکە دەڵێ ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە رادەستکردنی نەوت بە عێراق، هەموو خەرجییەکانی کوردستان دەبڕێت. ئێمە پێشنیازمان کردووە کە بابەتی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بە مەسائیلی سیاسییەوە وابەستە نەکرێت، ئەگەر پابەندییەکیش هەبێت، دەبێت هەردوو حکوومەت پێیەوە پابەند بن“.



جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵ دەدەن ئەو بڕگەیە هەموار بکەنەوە و بابەتی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە، وابەستە نەکرێت بە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.



یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی ١ی ٢٠١٩ی پەرلەمانی عێراق، متمانە پێدانە بە وەزیری دادی عێراق کە ئێستا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کەسێکی نوێی بۆ ئەو بابەتە کاندید کردووە. لەمبارەیەشەوە ڕای گەیاند: ”بۆ کاندیدە تازەکە ڕاوێژ لەگەڵ پارتی نەکراوە، هەرچەندە عادل عەبدولمەهدی کاتی خۆی گوتی پێویستە ئەو کەسە سەربەخۆ بێت، بەڵام ئێستا کاندیدەکە سەر بە یەکێتییە“.





باسنیوز
Top