د. عەبدولحەكیم: گۆڕانكاریی ئەمنی و ئابووری لە ناوچەكەدا بەڕێوەن
ھەرێمی كوردستان وەك ناوەندێكی بەھێزی بڕیاردان لە ناوچەكە و بەشێكی سەرەكی لە عێراق، بووەتە سەنتەری یەكلاكردنەوەی زۆر پرس، وەك دكتۆر عەبدولحەكیم خەسرۆ، پسپۆڕی زانستە سیاسییەكان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ھەرێمی كوردستان پێگەیەكی گرینگی ھەیە لە ناوچەكەدا، وەك بەشێك لە عێراقیش پێگەیەكی بەھێزی تایبەت بە خۆی ھەیە و بەشێكە لە پڕۆسەی ئەمنی و سیاسیی عێراق".
ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ھەموو ئەو وڵاتانەی گرینگی بە عێراق دەدەن، بەردەوام وەك ناوەندێكی بڕیاردان سەیری ھەولێر دەكەن، تەنانەت وەك بەشێكی گرینگی دابەشكردنی بەرژەوەندیی وڵاتان مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستان دەكرێت، واتە ھەر بابەتێك پەیوەندی بە عێراقەوە ھەبێت، ئەوە بە بێ ھەرێمی كوردستان ناكرێت و وڵاتان دەگەڕێنەوە بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ھەرێم، بە تایبەتی لە ئێستادا گۆڕانكارییەك لەسەرئاستی ناوچەكەدا بەڕێوە دەچێت، بە تایبەتی لە پرسی سووریادا و لەنێو عێراقیش".
ناوچەكە لە بەردەوام گۆڕانكاریی گەورەدایە و چاودێران پێشبینی دەكەن لە بەھاری دابێت سەرەداوی گۆڕانكارییەكان بەدیار بكەون، خەسرۆ لەو بارەیەوە گوتی: "سیاسەتی نوێ ھەیە كە پێشبینی دەكرێت ھەردوو وڵاتی ئێران و ئەمەریكا بەرەنگاری یەكتر ببنەوە، عێراق ھاوسنوورە لەگەڵ ئێراندا، ھەردوو وڵات كەوتوونەتە خۆئامادەكردن بۆ ئەوەی بەرەنگاری یەكتر ببنەوە، كە بابەتەكە دێتە سەر عێراق، ھەردوولا دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە پڕۆسەی بڕیاردان".
دكتۆر عەبدولحەكیم روونی كردەوە: "سرووشتی عێراق وایە، بە بێ ھەرێمی كوردستان بڕیاردان لە ھەر پڕۆسەیەك ناتەواو دەبێت، لەو چوارچێوەیەدا پێویستە ھەرێمی كوردستان سیاسەتی خۆی دابڕێژێت و خۆی ئامادە بكات بۆ گۆڕانكارییەكانی داھاتوو، چونكە گۆڕانكارییەكان پەیوەندییان بە رەوشی عێراق و ناوچەكەوە ھەیە، هەر وەك ئاماژەم بۆ رەوشی سووریا كرد، ئەوەش لە دوو ئاستدا كاری لەسەر دەكرێت، یەكێك رەوشی ئەمنیی سووریایە كە پەیوەندی و كاریگەری لەسەر عێراق و ھەرێمی كوردستانیش ھەیە بە گشتی، ئاستی دووەم بەرژەوەندی و رەوشی ئابوورییە لە عێراق، چونكە ھەندێك لە وڵاتان بەرژەوەندیی ئابوورییان كەوتووەتە عێراق و پێویستە كورد بەشێك لەو پڕۆسەیەدا رۆڵی دیار بێت".
kdp-
