عەدنان كەركووكی: دەست بەسەر زیاتر لە ملیۆنێك دۆنم زەویی كورددا گیراوە

عەدنان كەركووكی: دەست بەسەر زیاتر لە ملیۆنێك دۆنم زەویی كورددا گیراوە
دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی ماڵە كوردەكان لە كەركووك دەربكرێن و عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ بكرێن.

بەپێی زانیارییەكانیش، تا ئێستا دەست بەسەر ملیۆنێك و 200 هەزار دۆنم زەویی جووتیارانی كورددا گیراوە.

   عەدنان كەركووكی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كەركووك- گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "نەك هەر لە كەركووك، بەڵكوو لە قەزا و ناحییە و گوندەكانیش هەڕەشە لە كورد دەكرێت، چونكە پیلانێك هەیە بۆ بەعەرەبكردنی كەركووك، بۆ ئەوەی كورد ناچار بكرێت ماڵەكانیان چۆڵ بكەن و خێزانە عەرەبەكان لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ بكرێن، ئێستا لە داقووق دەستیان بەو هەڵمەتە كردووە تا دەگاتەوە لەیلان و دارەمان، بۆیە ئەو هێزانەی لە ناوچەكەن بەردەوام هەڵدەكوتنە سەر خێزانە كوردەكان و دەیانگرن، لە گەڕەكی عەرەفەیش هەڕەشە لە 280 خێزان كراوە و داوایان لێ كراوە ماڵەكانیان چۆڵ بكەن، بۆیە رۆژ بە رۆژ بارودۆخی كەركووك زیاتر تێك دەچێت".  

كەركووكی دەشڵێ: "لە ماوەی رابردوودا ئەو عەرەبانەی قەرەبوویان وەرگرتبوو، بە تایبەتی ئەوانەی زەویوزاری كوردیان داگیر كردبوو لە چوارچێوەی ماددەی 140، ئێستا مۆڵەتەكانیان بۆ نوێ دەكرێتەوە و دەستیان بەسەر زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار دۆنم زەویی كورد لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەدا گرتووە". 
kdp-
Top