لیژنەی هەماهەنگی لە نێوان هەرێم و بەغدادا دروست دەكرێت

لیژنەی هەماهەنگی لە نێوان هەرێم و بەغدادا دروست دەكرێت
جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە دەڵێ، دوو لیژنەی هاوبەشی سەربازی لە ئاستی باڵا لە نێوان هەولێر و بەغدادا دروست دەكرێن، بۆ ئەوەی ئیدارەی ناوچەكانی ماددەی 140 بدرێت و هەماهەنگی لە نێوان هەردوولادا هەبێت. 

ساڵی 2009، لە نێوان هەولێر و بەغدادا لیژنەیەكی باڵای سەربازی دروست كرا، كە هەماهەنگییان هەبوو بۆ كاری هاوبەش لە سنووری ماددەی 140. ئەندامانی شاندی كوردستان لەو لیژنەیە، فەریق شێروان و جەیار یاوەر بوون، كە دوای هاتنی داعش و داگیركردنی مووسڵ، كاری لیژنەكە نەما و دوای هێرشی سوپای عێراقیش بۆ پردێ، لیژنەكە هەڵوەشایەوە. 

سالار محەممەد جەبار، جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "حكوومەتی عێراق لیژنەی لەسەر ئاستی باڵادا داناوە بۆ ئەوەی كار بكرێت ئەو لیژنە سەربازییە كارا بكرێتەوە، كە بە چاودێریی ئەمەریكا كاتی خۆی دانرا، بڕیاریشە لە كوردستانەوە كار لەسەر دروستكردنی ئەو لیژنەیە بكرێت كە كارەكانیان هەماهەنگیی سەربازییە لە نێوان هەولێر و بەغدادا". 
جێگری سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە گوتیشی: "ئەو لیژنە بە ئاگاداریی ئەمەریكاییەكان دەبێت، پێشتریش دوو ئەندامی ئێمە سەرۆكایەتیی لیژنەكانیان دەكرد، بەڵام ئێستا دیار نییە كە ئەندامانی لیژنەكە كێن، وەلێ بە دڵنیاییەوە نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی تێدا دەبێت".
kdp-
Top