کورد دژی دەرکردنی هێزە هاوپەیمانەکانە لە عێراق
دوای ئەوەی ئەمەریکا بەشێک لە ھێزەکانی خۆی لە سووریا کشاندەوە و لە عێراق جێگیری کردن، کوتلە شیعەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئیمزایان کۆ کردووەتەوە تا لە ڕێگەی دەرکردنی قانوونێکی تایبەتەوە پەرلەمان بڕیار لەسەر دەرچوونی ئەو ھێزانە بدات. شێروان دووبەردانی ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەو ھەوڵانە کرد و دەڵێت: "بەڵێ لە لایەن ھەندێ کوتلەی پەرلەمانییەوە ھەوڵ ھەیە بۆ دەرکردنی بڕیار، یان پڕۆژەیاسایەک تا ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەربچن."
ئەو پەرلەمانتارە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا بە فەرمی ھیچ داواکارییەک لەوبارەیەوە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەکراوە، بەڵام ھەرکاتێک ببێتە جیددی و لە پەرلەمان قسەی لەسەر بکرێت، کورد دژی دەوەستێتەوە، چونکە ئێمە لەگەڵ دەرچوونی ھێزی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان بەگشتی لە عێراق نین."
ژمارەیەک پەرلەمانتاری شیعە داوای ئاشکراکردنی ژمارەی ھێزەکانی ئەمەریکایان لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. شێروان دووبەردانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد و گوتی: "ھێشتا مەترسیی زۆر لەسەر عێراق ماوە و کاتی ئەوە نییە ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە یەکجاری لە عێراق بکشێنەوە، چونکە ڕەوشی ئەمنی سەقاگیر نییە و داعش لە زۆر ناوچەی عێراق ھەڕەشەیە بۆ سەر ڕەوشی ئەمنی."
ھێزەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان بەگشتی ڕۆڵی بەرچاو و سەرەکییان ھەبووە لە تێکشکداندنی گرووپی تیرۆریستیی داعش و وەک شێروان دووبەردانی گوتی: بۆ ھەرێمی کوردستان باشترە ھێزی ئەمەریکا و نێودەوڵەتی لە عێراق هەبن.
kdp-
