بەیان سامی عەبدولڕەحمان: ئەمەریکا بەبێ ڕەچاوکردنی کورد ناتوانێ بیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکاتەوە
بۆ شیكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەمەریکا، بۆ دیاریكردنی ستراتیژیی هاوبەشێ نێوان ئەو دوو وڵاتە و كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریکا لە سووریا و، پێكهینانی حكوومەتی نوێی عێراق و چەندین پرسی گرنگی دیکە، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریکا ئەنجام دا.
-KDP.info- ئێستا پێوەندییەكانی نێوان واشنتن و هەولێر چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ كورد چ ڕۆڵێكی هەیە لەنێو سیاسەتەكانی ئەمەریكادا؟ هەولێر ئێستاش هەر هاوبەشە ستراتیژییەکەی ئەمەریكایە؟
ـــ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكان پتەو و قووڵە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتریش دەبێت. ڕاستە ویلایەتە یەكگرتووەكان لەگەڵ ڕیفراندۆم نەبوو، لەگەڵ كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی نەبوو و لە پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پەیوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە هەندێك ساردی تێ كەوت، بەڵام ئەمڕۆ كە دەڕوانمە ئەو پەیوەندییەی ئێستامان، لە 2019، دەبینم ئەو پەیوەندییە مێژووییە بەهێزەی كە هەمانبوو لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا، توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر ئەو ناتەباییەی ڕووی دا لەسەر تێڕوانین لە ڕیفراندۆم. ئەمڕۆ دیسانەوە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا بەهێز بووەتەوە. پێم وایە ئەمەریکا ناتوانێت بیر لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكاتەوە بەبێ ڕەچاوكردنی كورد. ئەمە بۆ عێراقیش ڕاستە، ئەگەر سەرنج لە شەڕی داعش بدەیت، دەبینیت بەبێ پێشمەرگە نەدەتوانرا شەڕی داعش بكرێت. بەزاندنی خەلافەتی داعش بەبێ بەشداریی پێشمەرگە نەدەهاتە دی. لە سووریا، بەهێزترین هێز كە شەڕی داعشی دەكرد و هاوپەیمانی ئەمەریکا بوو، كورد بوو. هەروەها، ئەگەر سەیری توركیا بكەیت، سەیری هەڵبژاردنەكانی توركیا بكەیت، ڕۆڵی دەنگدەری كورد لە هەڵبژاردنەكاندا تا دێت پڕبایەختر دەبێت لە لای حزبە سیاسییەكانی توركیا، وەك دەشزانن توركیا ئەندامێكی ناتۆیە و لێرەشەوە دەبێ ئەمەریکا ڕەچاوی گەلی كورد بكات. سەبارەت بە ئێران، ڕاستییەكەی ڕوون نییە ئاخۆ هەڵوێستی ئەمەریکا چۆنە لە هەمبەر كوردەكانی ئێران، بەڵام بەگشتی دەتوانین ئەوە بڵێین كە ئەمەریکا دەیەوێت حكوومەتی ئێران و سوپای پاسداران سنووردار بكات، شوێنی كورد لەم بوارەدا لە كوێدایە ئەوەیان شتێكە ڕەنگە ئەمەریكییەكان حساباتی بۆ بكەن.
-KDP.info- دروستكردنی کونسووڵخانەی نوێی ئەمەریكا لە هەولێر، بەم قەبارەیە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنەی نییە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئاخۆ ئەم کونسووڵخانەیە تەنیا بۆ كاری لۆجستی دەبێت، یان دەبێتە ناوەندێكی بەهێزی سیاسی و قورسایی دەبێت لە بڕیارە سیاسییەكانی ئەمەریكادا لە ناوچەكە؟
ــ باڵیۆزخانەكان سیمبوڵی وڵاتەكانیانن، بێگومان تا بینایەكە گەورەتر و بەرچاوتر بێت وا باوە ئەم شتە ڕەنگدانەوەی پڕبایەخیی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بێت، بۆیە پێمان سەیر نییە كە گەورەترین باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە جیهان، ئەوەی بەغداد بێت و گەورەترین كونسوڵخانەشیان لە هەولێر بێت. بەڵێ پێم وایە ئەوە ڕەنگدانەوەی بیركردنەوەی ئەمەریکایە سەبارەت بە عێراق و سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش. دانانی بەردی بناغەی كونسووڵخانە نوێیەكە، وەك بیرم بێت لە پاش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو. وەك ئاماژەشم پێ دا پێشتر لە سەروەختی، یان بلێین ڕاستەوخۆ لە پاش ڕیفراندۆمەكە گرژییەك دروست بووبوو لە پەیوەندییەكانی نێوان واشنتنی پایتەختی ئەمەریکا و هەولێر، پێم وایە دانانی بەردی بناغەی كونسوڵخانەكە ئاماژەیەكی شكاندنی ئەو بەستەڵەكە بوو و دووپاتكردنەوەی بایەخپێدانی ئەمەریکا بوو بە هەرێمی كوردستان. پێم وایە ئەو كونسوڵخانەیە تەنێ بۆ كاروباری دیپلۆماسی نابێت، بەڵكو بۆ كاروباری فەرهەنگی و كلتووریش دەبێت، وەك خاڵێكی پەیوەندیی ئەمەریکا دەبێت بە كۆمەڵگەی كوردستانەوە. واتە تەنێ پەیوەندیی دوو حكومەت نابێت، بەڵكو بە تێگەیشتنی من دەبێت بە خاڵێكی پەیوەندیی ڕۆشنبیری و كلتووریش .
-KDP.info- سەردانەكەی مایك پۆمپیۆ بۆ هەولێر و كۆبوونەوەكانی لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت و ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ـــ وەزیری پێشووی دەرەوە. تیلەرسن، هەرگیز سەردانی هەولێر و كوردستانی نەكرد، بۆیە سەردانەكەی وەزیر پۆمپیۆ زێدە پڕبایەخە و یەكەمین جارە وەزیرێكی دەرەوە لە سەردەمی ئیدارەی ترامپدا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، سێ كۆبوونەوەی یەك لە دوای یەكی هەبوو، بەختەوەر بووم كە لە دووان لەو كۆبوونەوانە بەشدار بووم. كۆبوونەوەكان گەرموگوڕ بوون. هەردوو لایەن بەو سەردانە خۆشحاڵ بوون. ئەمەریكییەكان مایەی خۆشحاڵییان بوو كە سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، هەروەها بەرپرسانی ئێمە خۆشحاڵ بوون بەو سەردانە. تاوتوێكان و ئاخاوتنەكان بوار و بابەتی جۆراوجۆری گرتەوە، بابەتی وەك پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان، پەیوەندییەكانی بەغداد و هەولێر، بواری ئابووری و بێگومان بابەتی تری گشتیی ناوچەكە. من پێم وایە ئەمە دیسان پێشاندەری پەیوەندیی باشی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی كوردستانە.
-KDP.info- بە بڕوای ئێوە خواستی ئەمەریکا لە حكوومەتی نوێی عێراق چی دەبێت؟ ڕۆڵی كورد لەو حكوومەتەدا تا چەند بۆ ئەمەریکا گرنگە؟
ـــ ئەمەریکا بە بڕێكی مەزن لە عێراق وەبەرهێنانی كردووە، بە قوربانیدان بە خوێنی ڕۆڵەكانی، بە سامان، بە ناوبانگی سیاسیی خۆی. بۆیە لای ئەمەریکا زۆر گرینگە كە لە عێراق هەڵبژاردن بكرێت و پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق وەك شیعە و سوننە و كورد بەشداری لەم هەڵبژاردنانەدا بكەن. سەروەختێك گومان هەبوو لەوەی كوردەكان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی ئایار بكەن، بەڵام دواجار بڕیارەكە ئەوە بوو كە ئێمە بەشداری بكەین و ئاگادارم ئەمەریکا بەمە خۆشحاڵ بوو، چونكە حەز دەكەن هەمووان لە هەڵبژاردنەكاندا بەشدار بن و بەشدارینەكردنی پێكهاتەیەكی گرنگ و پڕبایەخی كۆمەڵگەكە لە هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوان زیان بوو. ئەمەریکا دەیەوێت لە عێراق حكوومەتێك هەبێت كە بتوانێت مامەڵە و كاری لەگەڵ بكات. وەك گوتم ئەمەریكییەكان وەبەرهێنانێكی گەورەیان لە عێراق كرد. ئەمەریکییەكان دەزانن ئەگەرچی خەلافەتی داعش بەزێندرا، بەڵام داعش وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی هێشتا ماون، بۆیە ئەمەریکا دەیەوێت حكوومەتێكی عێراقی هەبێت كە بتوانێت كار لەسەر ئەو ئاستەنگ و كێشانەی بواری ئاسایش بكات، دیارە ئەمەش، بە هاوكاریی ئەمەریکا و هاوپەیمانان. وەك دەزانن ئەمەریکا سزای توندی خستووەتە سەر ئێران و ئەمەریکا پێی وایە عێراق لایەنێكی گرنگە لەم بوارەدا. زۆر جار پرسیارم لێ دەكرێت سەبارەت بە سزاكانی سەر ئێران و هەرێمی كوردستان، ڕاستییەكەی بابەتی سزاكان لە لای ئێمە و لە هەرێمی كوردستان هێندە پڕبایەخ نییە، ئێمە نەوت هەناردە ناكەین بۆ ئێران و مەسەلەی سزاكان زیاتر پەیوەندیدارە بە بەغدادەوە، نەك هەولێر.
-KDP.info- پێتان وایە ئەمەریکا چۆن دەڕوانێتە پرسی كورد لە سووریا؟ بە بۆچونی ئێوە ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای كوردستان دەكشێتەوە؟
ئەمەریكا زۆر بە ڕوونی ڕایانگەیاندووە كە دەیانەوێت لە سووریا بكشێنەوە، و هەر دەكشێنەوە، بەڵام من بڕوام وایە كشانەوە چەندین مانگ دەخایەنێت، نەك چەندین حەفتە، هەڵوێستەكە ئێستا بەم شێوەیە كاری لەسەر دەكرێت. دواجار بڕیارەكە دراوە كە هێزەكان بكشێنەوە، بەڵام ئەوەش هەیە كە بەرپرسە ئەمەریکییەكان زۆر بە ئاشكرا گوتویانە كە نایانەوێت كوردەكانی سووریا بە هیچ شێوەیەك زیان و ئازاریان پێ بگات. پێم وایە ئەمەریکییەكان كار لەسەر ئەوە دەكەن هاوسەنگییەك بدۆزنەوە لە نێوان پەیوەندییە پتەوەكانیان لە لایەك لەگەڵ توركیا، كە هاوپەیمانێكی پڕبایەخیانە لە ناتۆ و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كوردی سووریا و هەوڵ دەدەن ڕێگەچارەیەكی هاوسەنگ بۆ ئەوە بدۆزنەوە. خەڵكێكی زۆر هەیە لە واشنتنی پایتەخت كە خۆشحاڵ نین بە بڕیاری كشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا و پێیان وایە بڕیارێكی ناكاو بوو، بەڵام بڕیارەكە دەرچووە و پابەند دەبن پێیەوە، بەڵام ڕەنگە كشانەوەكە لەسەرخۆ بێت و خاوتر بێت وەك لەوەی پێشتر پێشبینی دەكرا. هیوا دەخوازین كوردەكانی سووریا بە هیچ شێوەیەك هیچ جۆرە مەینەتییەك نەبینن و بە ئیدارەی ترامپمان گوتووە كە خەڵكی سووریا مەینەتییەكی زۆریان چەشتووە و نابێت چیتر ئەوەندە ئازار بچێژن.
لە کۆتاییی دیمانەکەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا گوتی: "حەز دەكەم باسی ئەوە بكەم كە ئەوە چوار ساڵە لە واشنتن وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كانونی دووەمی 2015ـەوە ئەركی نوێنەرایەتیی واشنتن بە من سپێردرا، كە ئاوڕ دەدەمەوە لەو چوار ساڵەی ڕابردوو، دەبینم ئەوكات پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمەریکا زیاتر لە بواری ئاسایشدا چڕ ببووەوە. كاتێك من گەیشتمە واشنتن، كۆبانی لەژێر ئابڵوقەی داعشدا بوو، تكا و داوامان لە ئەمەریکییەكان دەكرد كە دەست بە بۆردومانی ئاسمانیی پێگە و هێرشەكانی داعش بكەن بۆ بەرگریكردن لە كۆبانی، كارمان دەكرد توركیا ڕازی ببێت پێشمەرگە بە خاكی توركیادا بچێت بۆ كۆبانی بۆ هاوكاریی خەڵكی كۆبانی، یەكێك لە كارە گرنگ و لە پێشینەكانم كاتێك گەیشتمە واشنتن ئەوە بوو كە كار بكەین بۆ درێژەدان بە هاوكاریی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە و مەشق و چەك بدەن بە پێشمەرگە و چەكەكان لە بەغداد ڕانەگیرێن و هەر پارەیەك كە كۆنگرێس تەرخانی بكات بۆ سوپای عێراق، یان بۆ هاوكاریی عێراق، بەشی پێشمەرگەشی تێدا بێت و بە ڕاستی بەشێكی زۆری كارەكانمان لەو چەند ساڵەدا بریتی بوو لە هاوكاریی بواری تەناهی لە پەیوەندییەكانماندا. ڕاستە ئێستاش بابەتی تەناهی زێدە پڕبایەخە، بەڵام بە ڕاستی دەمانەوێت پەیوەندیی نێوان ئەمەریکا و هەرێمی كوردستان پتەوتر و قووڵتر بكەینەوە تا پەیوەندیی ئابووری لەخۆ بگرێت، هەروەها پەیوەندیی فەرهەنگی، پەیوەندیی نێوان گەلی هەردوو لا. وەك دەزانیت ژمارەی ڕەوەندی كوردستان لە ئەمەریکا بچووكە، بەڵام چالاكن و زۆر گرێدراون هەم بە كوردستانەوە هەم بە ئەمەریکاوە، زۆر نیشتمانپەوەرن، هەم كوردستانیان خۆش دەوێت، هەم ویلایەتە یەكگرتووەكان. پێم وایە ئەمە شتێكە كە دەتوانین سوودی لێ وەربگرین بۆ دروستكردنی پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان گەلی هەردوو لایەن. بۆیە دەمەوێت بڵێم ئەگەرچی بەشێكی زۆری جەختمان لەسەر ئاسایش و تەناهی بوو كاتێك هاتمە واشنتن، بەڵام كاتی بەرفراوانكردنی ئەو پەیوەندییە هاتووە. درێژەدان بە هاوكاریی بواری تەناهی و هاوكات بەرفراوانكردنی بەرەو وەبەرهێنانی زیاتری هەردوولا لە بواری تریشدا."
kdp-
