لە کەرکووک بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی گردبوونەوەیەک ئەنجام درا
ئاسۆ کەمال، ھاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی فەیلەقی شاری کەرکووکە، ڕای گەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە 22/1/2019، گردبوونەوەیەکمان دژ بە نەبوونی کارەبا نیشتمانی لە گەڕەکەکەمان ئەنجامدا، چونکە ماوەی چوار رۆژ زیاترە کارەبای نیشتمانیان لێ بڕیون، ھەروەھا پێشتریش کارەبای نیشتمانیمان ھەر بەکەمی پێ دەدرا".
گوتیشی: "لەگەڕەکەکانی دیکەی کەرکووک کارەبای نیشتمانی باشە، بەڵام گەڕەکەکەی ئێمە لەبەر ئەوەی کوردنشینە و زۆرینەیان لەو ئاوارانە پێکدێن کە لەدوای ساڵی 2003ەوە گەڕاونەتەوە شارەکە، بۆیە سزا دەدرێین و لە بواری خزمەتگوزارییەکانی دیکەش پەراوێزخراوین".
بەپێی زانیارییەکان ئێستا لە کەرکووک خشتەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەگەڕەکانی شاری کەرکووک جیاوازی تێدا دەکرێت لەنێوان گەڕەکە کوردنشینەکان و گەڕەکەکانی دیکەی شارەکە بەشێوەیەک پێدانی کارەبای نیشتمانی بە گەڕەکە کوردنشینەکان لە 24 کاتژمێردا کەمتر لە حەوت کاتژمێر کارەبایان پێدەدرێت، بەڵام لە گەرەکەکانی تر زیاتر دەدرێت.
باسنیوز
