لە کەرکووک بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی گردبوونەوەیەک ئەنجام درا

لە کەرکووک بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی گردبوونەوەیەک ئەنجام درا
بەشێک لە ھاووڵاتییانی گەرەکی فەیلەقی کوردنشینی شاری کەرکووک بەھۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی لەگەڕەکەکەیان گردبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.

ئاسۆ کەمال، ھاووڵاتییەکی دانیشتووی گەڕەکی فەیلەقی شاری کەرکووکە، ڕای گەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە 22/1/2019، گردبوونەوەیەکمان دژ بە نەبوونی کارەبا نیشتمانی لە گەڕەکەکەمان ئەنجامدا، چونکە ماوەی چوار رۆژ زیاترە کارەبای نیشتمانیان لێ بڕیون، ھەروەھا پێشتریش کارەبای نیشتمانیمان ھەر بەکەمی پێ دەدرا".

گوتیشی: "لەگەڕەکەکانی دیکەی کەرکووک کارەبای نیشتمانی باشە، بەڵام گەڕەکەکەی ئێمە لەبەر ئەوەی کوردنشینە و زۆرینەیان لەو ئاوارانە پێکدێن کە لەدوای ساڵی 2003ەوە گەڕاونەتەوە شارەکە، بۆیە سزا دەدرێین و لە بواری خزمەتگوزارییەکانی دیکەش پەراوێزخراوین".

بەپێی زانیارییەکان ئێستا لە کەرکووک خشتەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بەگەڕەکانی شاری کەرکووک جیاوازی تێدا دەکرێت لەنێوان گەڕەکە کوردنشینەکان و گەڕەکەکانی دیکەی شارەکە بەشێوەیەک پێدانی کارەبای نیشتمانی بە گەڕەکە کوردنشینەکان لە 24 کاتژمێردا کەمتر لە حەوت کاتژمێر کارەبایان پێدەدرێت، بەڵام لە گەرەکەکانی تر زیاتر دەدرێت.












باسنیوز
Top