گۆڕان: خاڵی هاوبەشمان لەگەڵ پارتی زۆرترە لە جیاوازییەکانمان
چالاک موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، ڕایگەیاند: ”بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری کردن لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو سەڵاحیاتێکی داوەتە دەستی خانەی ڕاپەڕاند و ئەوانیش لێژنەیان پێکھێناوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ برادەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بێگومان لەو گفتوگۆ و دانیشتنانەدا بەرچاوڕوونیی زیاترمان بۆ پەیدا دەبێ".
جەختیشی کردەوە کە خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ پارتی، زیاترە لە جیاوازییەکانیان، بۆیە دانیشتنەکانیان بەردەوامە، بەڵام ”ئەگەر گۆڕان بەشداریی کابینەی داھاتوو بکات، لە حکوومەتی نوێدا جددی دەبین و بەھەموو ھێزوتوانای خۆمانەوە پشتگیری لە حکوومەتی داھاتوو دەکەین و ھەوڵی ئەوە دەدەین کە ئەوپەڕی توانای خۆمان بەکاربھێنین تاوەکوو کابینەی نۆیەم سەرکەوتوو بێت".
موهەندیس ڕوونی کردەوە کە بۆ کابینەی داهاتوو، گۆڕان بەرنامەیەکی سیاسی پێشکەشی پارتی کردووە. گوتیشی: ”پارتی ھیچ ڕەفزێکیان بەئێمە نەداوە و تێبینیی گەورەیان لەسەر بەرنامەکەی ئێمە نەبووە و بەرنامەکەی ئێمەیان بە پاکێج قەبووڵ بووە، بێگومان ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە پارتی دەیەوێت گۆڕانکاریی گەورە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا بکرێت".
هاوکات هیوای ئەوەی خواست کە مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، ”وەک گەنجێک، ھەوڵەکانی بۆ لەناوبردنی گەندەڵی چڕبکاتەوە و کەموکورتییەکان چارەسەر بکات و ژیانێکی خۆش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان فەراھەم بکات".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢١ی ١ی ٢٠١٩، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەی نێوان شاندی پارتی و گۆڕان لە هەولێر، دانا عەبدولکەریم، ئەندامی شاندەکە بە میدیاکانی راگەیاند، كۆبوونەوەیەكی راشكاوانەیان ئەنجام داوە و تێیدا باس لە میكانیزمەكانی پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كراوە.
باسنیوز
