لە سۆران دەست بەسەر بڕێكی زۆر کاڵا و خۆراکی ماوە بەسەرچوودا گیرا
رێبوار مەحموود، بەرپرسی لێژنەی ئابووریی قایمقامیەتی شاری سۆران، رایگەیاند، لە درێژەی كار و چالاكییەكانماندا لەپێناو نەهێشتنی خواردەمەنی و كاڵای نەشیاو و ماوە بەسەرچوو، ئەمڕۆ 22/1/2019 لە هەڵمەتێكدا بۆ دووكان و چەند شوێنێكی شاری سۆران، كە پێكهاتبوون لە فرۆشگەكان و سەموونخانەكانی سۆران، لە ئەنجامدا دەست بەسەر بڕێكی زۆری كاڵا و خواردەمەنیی ماوەبەسەرچوودا گیرا، فرۆشگەیەكیش داخرا و بەهۆی بوونی برێكی زۆری كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو، هەروەها رێنماییەكانی لێژنەمان بە چەند خاوەن دووكانێكدا ماوەی یەك هەفتە مۆڵەتمان پێدان بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكان و چەند خاوەن دووكانێكیش بانگهیشتی لێژنە كران بەمەبەستی سزادان بەپێی یاسا".
بەرپرسی لێژنەی ئابووریی قایمقامیەتی شاری سۆران، گوتیشی، مەبەست لە پشكنین و چاودێری و بەدواداچوونەكانی قایمقامیەتی سۆران، لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییانە، هەر شوێنێك بە ڕێنماییەكانەوە پابەند نەبێ، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر خاوەنەكانیان دەگیرێتەبەر، هەروەها بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو سكاڵایانە دەكرێت، كە ڕۆژانە ئاراستەی لێژنەكانی قایمقامیەت دەكرێن.
باسنیوز
