گۆڕان: پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت هێڵی سوورە و ئیستحقاقی خۆمان بێ زیاد و کەم وەردەکرین
ھێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی مەکۆی هەولێری گۆڕان ڕاگەیاند: ئەگەر بڕیاربێت گۆڕان بچێتە ناو حکوومەتەوە، ئیستحقاقمان چییە بە بێ زیاد و کەم وەریدەگرین، بۆ ئەوەش داوای دەکەین تا شەراکەتی ڕاستەقینە لە کابینەی داھاتوو دروست بکەین، ھەم لە بڕیاردان و ھەم لە پەیوەندیی دیپلۆماسی و یەک گوتاریی سیاسی بۆ خزمەتی ھەرێمی کوردستان“.
بەرپرسەکەی گۆڕان ڕوونیشی کردەوە، پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆکی ھەرێم، سەرۆکی حکوومەت، سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکوومەت کە دەتوانن خزمەت بکەن، ”پێمان وایە کاریگەریی زۆریان دەبێت“. گوتیشی: ”لە ئەگەری وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت لەلایەن گۆڕانەوە، پێموایە گۆڕان دەتوانێت مۆرکی دوو ئیدارەیی بسڕێتەوە، لەبەر ئەوەی ھێزێکی بێ چەکە و خاوەنی خەباتی مەدەنییە“.
ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان هیوای خواست، پارتی دیموکراتی کوردستان کە هێزی یەکەمە و بۆ کابینەکە ڕاسپێردراوە، ”دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو لایەنە سیاسییانە بکات کە بەشداریی لە حکوومەت دەکەن“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢ی ١ی ٢٠١٩، میدیاکانی سەر بە گۆڕان بڵاویان کردەوە کە بزووتنەوەکەیان پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هێڵی سوور دەزانێت و لە کۆبوونەوەی ڕابردووشدا بە پارتی دیموکراتی کوردستانیان ڕاگەیاندووە کە وەک چۆن لە خولی رابردووی پەرلەماندا یەکێتی هێزی سێیەم بوو پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتی وەرگرت، لەم خولەدا گۆڕان هێزی سێیەمە و هەمان پۆستی دەوێت.
بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و گۆڕان لە شاری هەولێر بەڕێوە بچێت کە تێیدا پرسەکانی پێکهێنانی حکوومەت تاوتوێ دەکەن.
باسنیوز
