خاوەن کارگەیەكی غاز: پێویستە بەشی پێداویستیی غاز بۆ ناوخۆ بێت و نەچێتە ئێران
بەختیار عەبدوڵا پشدەری، بەڕێوەبەری کارگەی غازی ھەولێر راگەیاند، ھۆکاری گرانبوونی غازی ماڵان، بۆ چەند لایەنێک دەگەڕرێتەوە، گوتی: «پێویستە ئێمە رۆژی ھەینیش غازمان بۆ بێت، بەڵام ئەو کۆمپانیایەی تەندەری غازەکەی بۆ دەرچووە، رۆژانی ھەینی بەشە غازمان پێ نادات، پێویستە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا بکات، بەڵام سامانە سروشتییەکان بە تەنگ سکاڵاکانی ئێمەوە نەھاتووە».
ئەوەشی خستە ڕوو، غازی حکوومی گران نەبووە، بەڵکوو غازی بازرگانی گران بووە، ئەوەیش لەبەر ئەوەیە غازەکە دەچێتە ئێران، گوتیشی: «پێویستە بەشی پێداویستیی غاز بۆ ناوخۆ بێت و نەچێتە ئێران، بەڵام لە رێگەی باشماخ غازی شل لە لایەن کۆمپانیایەک بە ناوی (گۆڵدن جۆکەر) دەبردرێتە ئێران، ئەو بابەتەش کاریگەریی لەسەر ھەولێر دروست کردووە، چونکە لە بەشی ھەولێرە دەچێتە ئێران».
بەرپرسەکەی کارگەی غاز جەختی کردەوە، پێویستی غازی ھەولێر دابین نەکراوە، دەشڵێت: «رۆژانە ٢١٠ تەن غازی شلمان بۆ دابین دەکرێت، لەکاتێکدا زستانان پێویستمان بە ٤٠٠ تەن ھەیە و ئەو جیاوازییەی ھەیە بە غازی بازرگانی پڕمان کردووەتەوە».
بەپێی زانیارییەکان لە ھەندێک شوێنی ھەولێر غازی ماڵان نرخەکەی بۆ ١٦ ھەزار دینار بەرز بووەتەوە.
لەم بارەیەوە بەختیار عەبدوڵا گوتی: «ئیستیغلالەکە ھەندێک غازفرۆش کردوویانە و ئەم ھەفتە چاک دەبێت و قایمقامیەت ھاتووەتە سەر خەت، بۆ غازی بازرگانی ئێمە لە کارگەکان بە ٧ ھەزار و ٥٠٠ دینار پێیان دەدەین و ئەوان بۆیان ھەیە بە ٨ ھەزاری بدەن، لەوە زیاتر لێیان قبوڵ ناکەین».
ئاشکراشی کرد، رێکاری توند بەرامبەر بریکارەکانیان دەگرنە بەر، لە کاتی گرانفرۆشیی غازدا: «ھەر بریکارێکی ئێمە غاز بە گرانتر لە ٧ ھەزار و ٥٠٠ دینار بفرۆشێت، ئەوە یەک ملیۆن دینار غەرامە دەکرێت و بریکارییەکەشی لێ وەردەگیرێتەوە، ئەوەی ئیستیغلال بکات سزا دەدرێت».
باسنیوز
