شه‌ش فراكسيۆنى كورديى له‌ په‌رله‌مانى عێراق راگه‌يه‌ندراوێكى هاوبه‌شيان بڵاوكرده‌وه‌

شه‌ش فراكسيۆنى كورديى له‌ په‌رله‌مانى عێراق راگه‌يه‌ندراوێكى هاوبه‌شيان بڵاوكرده‌وه‌
ئه‌مڕۆ شه‌ش فراكسيۆنى كوردستانى به‌ سه‌رپه‌رشتى به‌شير حه‌داد، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كۆبوونه‌وه‌.

دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌، راگه‌يه‌ندراوێكى هاوبه‌شيان بڵاوكرده‌وه‌ و كوردستان24 وێنه‌يه‌كى ئه‌و راگه‌يه‌ندراوه‌ى به‌ده‌ستگه‌يشتووه‌، كه‌ تێيدا لايه‌نه‌كان  رايانگه‌ياندووه‌، هه‌موويان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌:

يه‌كه‌م: فراكسيۆنه‌ كوردستانييه‌كان پشتيوانى له‌ داواى پارێزگاكانى به‌سره‌ و نه‌ينه‌وا ده‌كه‌ن.

دووه‌م: هه‌وڵه‌كانيان ده‌خه‌نه‌گه‌ڕ بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌كانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان، به‌ تايبه‌تى له‌ پرسى بودجه‌ و له‌م رووه‌شه‌وه‌ داوا له‌ هه‌ردوو لاى حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى فيدراڵ ده‌كه‌ن، پابه‌ند بن به‌ ياساى بودجه‌ى عێراقه‌وه‌ دواى په‌سندكردنى.

سێيه‌م: جه‌ختيان له‌سه‌ر گرنگى هه‌ماهه‌نگى نێوان نوێنه‌رانى كورد و حكومه‌تى هه‌رێم و كاربه‌ده‌ستانى كورد له‌ به‌غدا كرده‌وه‌.

چواره‌م: فراكسيۆنه‌ كوردستانييه‌كان كۆك بوون له‌سه‌ر گرنگى شه‌فافيه‌ت له‌ دۆسيه‌ى نه‌وتى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان و هه‌وڵدان بۆ باشكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا.

پێنجه‌م: فراكسيۆنه‌ كوردستانييه‌كان رێككه‌وتن له‌سه‌ر به‌رده‌وامى كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان به‌ شێوه‌يه‌كى مانگانه‌ بۆ ئه‌وه‌ پرسانه‌ى كه‌ په‌يوه‌ستن به‌ ژيانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان.

ئه‌م فراكسيۆنانه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌شدار بوون و واژوويان له‌سه‌ر ئه‌م خاڵانه‌ كردووه‌:

پارتى ديموكراتى كوردستان

يه‌كێتى نيشتمانى كوردستان

بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان

هاوپه‌يمانى ديموكراسى و دادپه‌روه‌رى

يه‌كگرتووى ئيسلامى كوردستان

كۆمه‌ڵى ئيسلامى كوردستان
k24-
Top