فراکسیۆنەکانی کورد لەبارەی بودجەوە یەکهەڵوێست دەبن

فراکسیۆنەکانی کورد لەبارەی بودجەوە یەکهەڵوێست دەبن
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی کورد کۆبوونەوەیەکیان ساز کرد و تێیدا بڕیاریان دا لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە یەکھەڵوێست بن.

محەمەد ئەمین فارس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی کورد کۆبوونەوەیەکیان ساز کرد و تێیدا بڕیاری ئەوە درا ھەموو فراکسیۆنەکان لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە یەکھەڵوێست و یەکدەنگ بن، بۆیە ئەگەر سبەی پەرلەمان دەنگی لەسەر بودجە دا، ھەموومان یەکھەڵوێستمان دەبێت."

محەمەد ئەمین فارس گوتی: "جگە لەوەش، ھەموو فراکسیۆنەکانی کورد گفتوگۆ لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی لە کاتی دەنگداندا دەنگ بەو خاڵانە بدەن کە لە بەرژوەندیی کورددان و ئێمەش لە بەرژوەندیی ئەوان دەنگ دەدەین."

فارس باسی لەوەش کرد: "ئێمە گەشبینین کە دەنگی پێویست بەدەست بێنین، چونک داواکارییەکانی ئێمە یاسایی و دەستوورین، بەڵام تا ئێستا کارنامەی کۆبوونەوەی سبەی دیار نییە کە بودجەی تێدا دەبێت، یاخود نا."

فارس گوتیشی: "جگە لەوە، سیڤیی دوو وەزیرمان بەدەست گەیشتووە، ئەوانیش وەزیری داد و وەزیری پەروەردەن، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ھەڵوێستی ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی لەبارەی ئەو کاندیدانە چی دەبێت، لەبەر ئەوەی کاندیدی وەزارەتی داد گۆڕدراوە و کەسێکی خەڵکی شاری کەرکووکە."
kdp-
Top