دڵشاد شەهاب: پێكهێنانی حكوومەت مافی خەڵكە.. نابێ چاوەڕوانییەكەیان نادیدە بگیرێت
دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی باڵای دانوستانكاری پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ جارێكی تر لە شاری سلێمانی لەگەڵ شاندی دانوستانكاری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا كۆ دەبینەوە، كۆبوونەوەكەش درێژەی كۆبوونەوەكانی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتە".
حەفتەی ڕابردوو، پارتی و یەكێتی دەستیان بە هەندێك هەنگاوی جددیتر كرد بۆ بەرنامەی كاری حكوومەت و ئامادەكاری بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێكهێنانی حكوومەت لە چوارچێوەی لێكتێگەیشتنی سیاسی لە نێوان ئەو دوو حزبەدا.
لە كۆبوونەوەی پێشووی نێوان پارتی و یەكێتی و پارتی و گۆڕاندا، بڕیاری پێكهێنانی لیژنە بۆ كۆكبوون لەسەر بوونی بەرنامەی هاوبەشی لایەنە بەشداربووەكان دراوە، لەو بارەیەوە دڵشاد شەهاب ڕوونی كردەوە، لیژنەكان پێك هاتوون و دەستیان بە كارەكانیان كردووە و كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن.
ئەو ئەندامەی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت: "ئێمە لەسەر كارێكی هاوبەش گفتوگۆ دەكەین، ئەو لایەنانەی ئێستا لە گفتوگۆدان، ئەوانەن مەبدەئییەن بڕیاریان داوە كە بەشداری لە پێكهێنانی حكوومەتدا بكەن، بۆیە بە ئومێدەوە كۆبوونەوەكان دەكرێن، هەمووشمان بە بایەخەوە سەیری ئەو پرسە دەكەین كە زەروورە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بێت و دواجار هەر دەگەین بە رێككەوتن و چارەی تر نییە".
بە گوتەی شەهاب، پێكهێنانی حكوومەت حەقی خەڵكە و دەبێ چاوەڕوانییەكەیان بە هەند وەربگیرێت، "خەڵكی كوردستان بەشداریی هەڵبژاردنیان كردووە، بۆیە مافی خۆیانە دوای پێكهێنانی حكوومەتێكی كارا و كاریگەر بكەن، لەبەر ئەوە، نابێ هیچ یەكێك لە ئێمە و سەرجەم لایەنەكان، لەمە زیاتر چاوەڕوانیی خەڵك نادیدە بگرین".
kdp -
