محەممەد بازیانی: هەولێر ناوەندی بایەخپێدانی وڵاتانە

 محەممەد بازیانی: هەولێر ناوەندی بایەخپێدانی وڵاتانە
سەرۆكی رەوتی چاكسازی و گەشە، باس لە پێگەی هەرێمی كوردستان دەكات، بە تایبەت ئەو بایەخە گرینگەی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی عەرەبیدا هەیەتی. پێشی وایە، ئەگەر لە عێراقدا گۆڕانكارییەكی بچووك هەبێت، لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییەكان خێران.

جیا لە هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و ئێران و فەڕەنسا و وەزیری وزەی ئەمەریكا، بڕیارە شاندێكی وڵاتی مەغریبیش سەردانی كوردستان بكات، كە ئامانج لە سەردانەكە، باشتركردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و مەغریبە و بەشێكیش پەیوەندی بە كردنەوەی هێڵی ئاسمانیی هەردوو لاوە هەیە.

محەممەد بازیانی، سەرۆكی رەوتی چاكسازی و گەشە، بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هەولێر بووەتە ناوەندی بایەخپێدانی وڵاتان، بە تایبەت هاتنەپێشەوەی مەغریبی عەرەبی و فەڵەستین و سعوودیە و میسر و ئوردن، ئەوەندەی دیكە بایەخی كوردستانی دەرخستووە، وڵاتانی عەرەبی جیا لە بایەخی سیاسی، دەیانەوێت لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن، ئەمەریكایش لە دوای شەڕی داعشەوە دەیەوێت زیاتر بایەخ بە كوردستان بدات، چونكە باش بۆی دەركەوتووە جگە لە كوردستان هیچ متمانەپێكراوێكی دیكەی لە ناوچەكەدا نییە".

بازیانی گوتیشی: "بە حوكمی ئاوی سرووشتی و نەوت و گاز و كانزا، كوردستان دەبێتە چەقی ستراتیژییەتی داهاتووی ناوچەكە، كاتی خۆی لە توێژینەوەی زانستیی خۆمدا لە ساڵی 1997 بە روونی ئاماژەم بەوە كردووە كە وڵاتانی عەرەبی پێگەی كوردستان لە ناوچەكەدا بە هەند وەردەگرن و دەیانەوێت خۆیان نزیك بكەنەوە، بە تایبەت ئوردن كە رۆڵی باش لە ناوچەكە دەگێڕێت و میسریش كە هاوپەیمانی و پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ ئەمەریكادا هەیە". دەشڵێ: "بەشێكی دیكەی وڵاتانی عەرەبی، دەیانەوێت پارەی خۆیان لە كوردستان خەرج بكەن و ئامادەییان بۆ كاری هاوبەش دەربڕیوە، بۆیە پێویستە هەرچی زووترە كار بۆ پێكهێنانی حكوومەت بكرێت و هێزی پێشمەرگەش بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و ئاشتەوایی سیاسی لە كوردستان بێتە كایەوە".
kdp -
Top