د. دیندار زێباری: لە کاتی خۆپیشاندانی بێمۆڵەتدا دەزگا ئەمنییەکان بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان کردووە

	 د. دیندار زێباری: لە کاتی خۆپیشاندانی بێمۆڵەتدا دەزگا ئەمنییەکان بەگوێرەی یاسا مامەڵەیان کردووە
سەبارەت بە ڕاپۆرتێکی هیومان ڕایتس وۆچ سەبارەت بە خۆپێشاندانەکانی ٢٠١٨ لە هەرێمی کوردستان و عێراق، د. دینداز زێباری لە وەڵامدا دەڵێ، لە کاتی ئەنجامدانی خۆپێشاندانی بێمۆڵەتدا دەزگا ئەمنییەکان بە پێی یاسا کارپێکراوەکان ڕێکاری یاسایی دەگرنە بەر.

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان بەگشتی بڵاوکردەوە و لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کراوە. ئەم ڕاپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە خۆپێشاندانەکانی کۆتاییی مانگی ئاداری 2018دا ژمارەیەک خۆپێشاندەر و ڕۆژنامەنووس لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دووچاری لێدان و توندوتیژی بوونەتەوە و ئەمەی بە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین وەسف کردووە. ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە لەو ڕاپۆرتەدا بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بەو کارە تێکدەرانە نەکراوە کە لە لایەن بەشێک لە خۆپێشاندەران و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان بەرامبەر بە لایەنە ئەمنییەکان ئەنجامدراون، هەروەها تیشکی نەخستووەتە سەر ئەوەی کە خۆپێشاندانەکان نایاسایی و بێمۆڵەت بوون.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "وەک حکوومەتی هەرێم پێشوازیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) دەکەین، بە بەروارد بە ساڵانی ڕابردوو ڕاپۆرتێکی ئەرێنییە و هەندێک ڕەخنە و تێبینی سەبارەت بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکیی خەڵک لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان خراوەتە ڕوو".

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "لە هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌ك هه‌یه‌ بۆ ڕێکخستنی خۆپێشاندان به‌ یاسای ژمارە (١١)ی ساڵى(2010) ناسراوە، ئەم یاسایە شێواز و کات و ئامانجى خۆپێشاندان بە وردى دیارى دەکات و ڕێک دەخات به‌ هه‌مان شێوه‌ میدیاكانیش مافی ڕووماڵكردنی خۆپێشاندان و ڕێپێوانی خه‌ڵكی هه‌یه‌، بە پێی ئەو یاسایە هەموو هاووڵاتیان و ئەوانەی بە شێوەیەکی یاسایی لە هەرێمدا نیشتەجێن دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و تێپەڕبوونی ماوەی یاسایی بە پێی یاسا مۆڵەتیان پێ دراوە و ئازادیی ڕێکخستنی خۆپێشاندانیان هەیە. بەڵام هەڵگرتن، یان لەخۆبەستنی چەک لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسەی بەشداری لە خۆپێشاندانەکەدا دەکات مۆڵەتی هەڵگرتن، یان بەستنیان هەبێت، لە هەمان کاتدا نابێ هیچ ماددەیەکی تەقەمەنی، یان ژەهراوی، یان سووتێنەر لە کاتی خۆپێشاندانەکە لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە هەڵبگیرێت، یان لەخۆ ببەسترێت".

د. دینداز زێباری ڕایشیگەیاند: "لە کاتی ئەنجامدانی خۆپێشاندانی بێمۆڵەتدا دەزگا ئەمنییەکان بە پێی یاسا کارپێکراوەکان ڕێکاری یاسایی دەگرنە بەر، لەوانەش بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندان بەبێ زیانگەیاندن بە خۆپێشاندەران و ڕێکاری مەدەنی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی هەموو لایەک، سەرۆکی یەکەی ئیداری بۆی هەیە پاش ڕاوێژکردن لەگەڵ لیژنەکە بڵاوە بە خۆپێشاندانەکە بکەن، ئەگەر خۆپێشاندانەکە لە ئامانجی خۆی دەرچوو، یان کاتی دیاریکراوی خۆی بەزاند و دەزگاکانی پۆلیس بە گوێرەی یاسا کارپێکراوەکان ڕێکاری یاسایی دەرهەق بە سەرپێچیکاران دەگرنە بەر."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر مۆڵەت بۆ خۆپێشاندانەکان وەربگیردرێت ئەنجامدانیان زۆر ئاسایی دەبێت و گوتیشی: "هەر به ‌پێی سوودوه‌رگرتن له‌ یاسای خۆپێشاندان و ئه‌و ئازادییه‌ی بۆ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان له‌م یاسایه‌دا دیاری كراوه‌، خۆپێشاندانی جیاجیا له‌ شاری هه‌ولێر له ‌لایه‌ن قوتابیان، خوێندكاران، مامۆستایان، ڕۆژنامه‌نووسان، به‌ڵێنده‌ران و چینوتوێژه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگاوە ئەنجام دراوه كه‌ داوای مافی ڕه‌وای خۆیان كردووه‌ و له‌ هیچ یه‌كێك له‌ خۆپێشاندانه‌كاندا توندوتیژی نه‌كه‌وتووەته‌وه‌ و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت ئه‌ركی پاراستنی خۆپێشاندانه‌كانیان ئه‌نجام داوە."

دیندار زێباری ڕایگەیاند: "لەو خۆپێشاندنانەی کە لەم ڕاپۆرتەدا باس کراون، گوایە هەندێک لە خۆپێشاندەران دەستگیر کراون، لە چەندین شار و شارۆچکەی هەرێم ئاگر بەردراوەتە دامودەزگا حکوومییەکان و پێشێلکاری ڕووی داوە، بۆیە ناچار بوونە دەستگیریان بکەن. بۆ نموونە، لە شارۆچکەی کۆیە خۆپێشاندانەکانی کۆتاییی ساڵی ڕابردوو گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆری لێ کەوتەوە و خۆپێشاندەران هێرشیان کردە سەر فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکوومەت و بەشێکی زۆریان ئاگر تێبەردا، وەک باڵەخانەی قایمقامییەت کە تێیدا ئەرشیڤی (٣٠٠) ساڵەی کۆیە سووتێندرا، مۆزەخانەی تەقتەق، هەروەها هێرشیان کردە سەر بارەگای حزب و لایەنە سیاسییەکان ".

هەرچی سەبارەت بە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی ڕادەربڕینە، زێباری گوتی: "دیارە لە هەرێمی کوردستان ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕاده‌ربڕین به‌ پێی یاسا ڕێک خراوه و له‌ كاتی بوونی هه‌ر حاڵه‌تێك كه‌ دژ به‌ ڕێنماییه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت، یان بچێته‌ خانه‌ی ته‌شهیر و ناوزڕاندن، ئه‌وا كار به‌ یاسای سزادانی عێراق، ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969ی هه‌مواركراو ده‌كرێت، بۆیە پێویستە میدیاکارانیش نەبنە هۆی تێکدانی ڕەوشی ئارامی و زیانگەیاندن بە مڵکی گشتی و تایبەت. سەبارەت بەو خۆپێشاندانانەی ئەم دواییەی هەرێم، هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن سکاڵای دژی لایەنە ئەمنییەکان بەرز نەکردووەتەوە کە تێیدا بە ئەنجامدانی توندوتیژی تۆمەتباریان بکات و هەرکاتێک دەزگایەکی ڕاگەیاندن سکاڵایەکی هەبێت دژی لایەنە ئەمنییەکان ئەوا دەزگا پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی یاساییی پێویست دەگرنە بەر دژی ئەو کەسانە کە پێشێلکارییان ئەنجام داوە، ئەوەی تێبینی کرا لەو خۆپێشاندانانەی چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن ویستیان خۆپێشاندانەکان بە ئاقارێکی تردا ببەن دوور لە مەبەستی سەرەکیی خۆپێشاندان و هاندانی خۆپێشانده‌ران بۆ ئه‌نجامدانی كاری توندوتیژی".

لە کۆتاییی قسەکانیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "وەکو دیارە، زۆر سەرپێچی لە لایەن هەندێک لە خۆپێشاندەرانەوە ئەنجام دراوە، خۆپێشاندان بەبێ مۆڵەتی فەرمی بووە، زۆر قسەی نەشیاو و نابەجێ ئاراستەى پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان کراوە، شەقامە سەرەکییەکانیان گرتبوو، ئەمەش گرفتی بۆ هاووڵاتیان درووست کردبوو، بایکۆتی دەوامی فەرمی کراوە، هەندێک لەو کەسانە ڕاگیراون لە لایەن پۆلیسەوە هەوڵیان داوە شەڕ بکەن و ئیستفزازى هێزە ئەمنییەکانیان دەکرد، تەنانەت هەوڵیان دەدا توندوتیژیش بەکار بهێنن دژی هێزە ئەمنییەکان، هەربۆیە هیزە ئەمنییەکان ناچار بوونە دەستگیریان بکەن.
kdp -
Top