حكومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە کۆڕبەندی داڤۆس هەڵوەشاندەوە

حكومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە کۆڕبەندی داڤۆس  هەڵوەشاندەوە
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرا شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسدا بکات، بەڵام بەهۆکارێک هیچ شاندێک بەشداری ناکات.



بەپێی زانیارییەکان، بڕیار بوو ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی ١ی ٢٠١٩، بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت، عەلی سندی، وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو سویسڕا بەڕێ بکەون و بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەشداری لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆسدا بکەن، بەڵام دواتر بەشداریکردنەکە ڕێک نەکەوتووە و بەو هۆیەشەوە سەردانەکەیان هەڵوەشاوەتەوە.



کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس سبەی سێشەممە ٢٢ی ١ی ٢٠١٩ دەست پێ دەکات و ماوەی چوار ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، سەرکردە باڵاکانی جیهان بەشداری تێدا ناکەن و گرنگترین تەوەرەکانیشی شۆڕشی تەکنەلۆژی و هەڕەشە ژینگەییەکان دەبێت.
Top