عارف روشدی: ئەمڕۆ لیژنەی پێكھێنانی حكوومەت كۆ دەبێتەوە

عارف روشدی: ئەمڕۆ لیژنەی پێكھێنانی حكوومەت كۆ دەبێتەوە
راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاند، لیژنەكانی تایبەت بە رێككەوتنی سیاسی و پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان، دەستیان بە كار كردووە، ھەر كاتێكیش گەیشتنە ئەنجام، راپۆرت بۆ سەرووی خۆیان بەرز دەكەنەوە و دواتریش كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێت.

عارف روشدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دانوستانەكان لە نێوان لایەنەكاندا بەردەوامن و دوو لیژنە پێك ھێندراون، یەكێكیان بۆ رێككەوتنی سیاسی و ئەوەی دیكەش بۆ  پێكھێنانی حكوومەتی نوێی ھەرێمی كوردستان، دوێنێش لیژنەی رێككەوتنی سیاسی كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام داوە و ئەمڕۆش لیژنەی پێكھێنانی حكوومەت كۆ دەبێتەوە، ئەمە لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان، سەبارەت بە گۆڕانیش بە ھەمان شێوە لیژنە دروست كراون".

روشدی گوتیشی: "گەشبینین لیژنەكان بگەنە ئەنجامی باش و دوای گەیشتنە ئەنجامێكیش، كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵادا ئەنجام دەدرێت و تێیدا بڕیارێك دەدرێت لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتانەی ئامادە دەكرێن، ھەموو ھەوڵێكیش دەدرێت بەم زووانە رێككەوتن بكرێت، بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا حكوومەت دروست بكرێت".

ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەشڵێ: "بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی نوێدا، پارتی جارێ گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان دەكات، بەڵام سەبارەت بە ھەبوونی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەكاندا، پارتی سیاسەتێكی كراوەی ھەیە".
kdp-
Top