یەكێتیی ئەورووپا داوای لە لایەنە سیاسییەکانە پەلە لە پێكهێنانی حكوومەت بکرێت

یەكێتیی ئەورووپا داوای لە لایەنە سیاسییەکانە پەلە لە پێكهێنانی حكوومەت بکرێت
لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوا لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێم دەکەن پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت بکەن.

بە مەبەستی ئاگادار بوون  لە دواین ڕەوشی سیاسی و گفتوگۆی لایەنەكان بۆ پێكهینانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا سەردانی فراكسیۆنی پارتیی لە پەرلەمانی كوردستان كرد.

ئەمڕۆ، یەكشەممە، ڕێكەوتی ٢٠/١/٢٠١٩، هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆن پێشوازیی لە خاتوو كلاریس پاستوری بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان پوختەیەك لە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و گفتوگۆی پارتی لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی شی كردوە.

سەبارەت بە گفتوگۆی پارتی و لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆڕان، هێمن هەورامی ڕایگەیاند: ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چەندین گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەكان ئەنجام داوە و ئێستا كۆمیتەی هاوبەش بەجیا پێك هاتووە لەگەڵ یەكێتی و بزووتنەوەی گۆران بە مەبەستی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان و هەروەها ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك، لەم ساتەدا كۆمیتەكان دەستبەكار بوونە و لە نزیكترین كاتدا جارێكی تر كۆبوونەوەكان لەگەڵ هەردوولایەن دەست پێ دەكاتەوە."

هەر لە دانیشتنەكەدا هێمن هەورامی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی جەختی لەسەر ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك كردەوە و گوتی: پارتی دیموكراتی كوردستان بەم بارودۆخە عەسكەرییە و بوونی چەندین هێزی چەكدار جۆراوجۆر ناگەڕێتەوە و لای پارتی كەركووك داگیر كراوە و دەبێت ئاسایی بكرێتەوە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بۆ پاراستنی هەموو كەركووكییەكان بە هەموو پێكهاتەكانەوە، نەوەك تەنیا بۆ یەك لایەنی سیاسی.

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، هێمن هەورامی گوتی: ئێستا پەیوەندییەكانمان بەرەوەپێش چووە و كورد دەیەوێت هاوبەشیكی سەرەكی و ڕاستەقینە بێت لە حوكمڕانیی عێراق. هەروەها جێ بەجێكردنی بڕِگە و ماددەكانی دەستووری عێراق بە تایبەتی ماددەی ١٤٠ و بابەتی بوودجە و پێشمەرگە و چاكردنی دۆخی ئێستای كەركووك و دەوروبەری.

لە كۆتاییی كۆبوونەوەكەدا خاتوو كلاریس پاستوری بەرپرسی ئۆفیسی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان  بە ناوی یەكێتیی ئەورووپا  ڕایگەیاند، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی خوازیاری ئەوەن بە زووترین كات پەلە بكرێت لە پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستە هانی هەموو لایەك دەدەین. هەروەها خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەم سەردانە و هیوای خواست پەیوەندییەكانیان بەردەوام بێت.
kdp-
Top