مەغریب دەیەوێ پێوەندیی ئابووری لەگەڵ هەرێم بەهێز بکات
ڕێکخەری سەردانی شاندی مەغریبی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، شارا قەرەداغی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ماوەی چەند ساڵێکە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و وڵاتی مەغریب وەستاوە، ئێستا دەیانەوێ پێوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان باش بکەنەوە و بەھێزی بکەن، بۆیە بڕیارە ٢٧ی ئەم مانگە شاندێکی باڵای وڵاتی مەغریب کە لە چەند کۆمپانیایەک پێک دێت، سەردانی عێراق بکەن، بۆ ئەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان باش بکەنەوە، لەوانە پێدانی ڤیزا بە ھاووڵاتیان و دانانی کۆمپانیایەک بە سەرمایەی ٢٠ملیۆن دۆلار کە ھەموو بوارەکان لە خۆی دەگرێت، لەوانە بواری نەوت و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و چەندین بواری دیکە."
شارا قەرەداغی گوتیشی: "دوای ئەوەی شاندەکە سەردانی عێراق دەکات دواتر سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و لەگەڵ سەرۆکی حکوومەت و ژووری بازرگانیی ھەولێر کۆ دەبنەوە و دواتریش سەردانی سلێمانی دەکەن."
قەرەداغی گوتیشی: "مانگانە بڕیارە ١٠ بۆ ١٥ ھەزار ڤیزەی مەغریبی بدرێتە خەڵکی عێراق و ھەرێمی کوردستان، کە ئەمەش ھەنگاوێکی گرنگە، چونکە ئێستا بە داوەتنامە لە ڕێگەی باڵیۆزخانەوە نەبێت ناتوانن بە شێوەی ڕاستەوخۆ سەفەر بۆ مەغریب بکەن، بەڵام حکوومەتی مەغریب بڕیاری داوە گەشتەکان دەست پێ بکەنەوە."
kdp-
